
یاریگا –
بەشێوەیەکی فەرمی بەهۆی پێکان نێیمار دا سیلڤا لە لیستی هەڵبژاردەی بەڕازیل دوورخرایەوە و ئێندریک لەشوێنی بانگهێشتکرا.
3ـی ئازار لە یاریی سانتۆس بەرامبەر براگانتینۆ، نێیمار لە خوولەکی 76ی یارییەکە، بەهۆی هەستکردن بە ئازار، یاریگای جێهێشت بەو هۆیە نەیتوانی بەشداریی یاریی رابردووی یانەکەی بەرامبەر بە کۆرێنتیانز پاولیستا بکات.
بەهۆی ئاستە بەرزەکەکەی لەگەڵ سانتۆس، نێیمار بانگهێشتی هەڵبژاردەی بەڕازیل کرایەوە، بەڵام پێکان بەرۆکی یاریزانەکەی گرتەوە و جارێکی دیکە دوورخرایەوە.
هەروەها هەردوو یاریزان، ئێدەرسی گۆڵپارێزی مانچێستەر سیتی و دانێلۆ لە لیستەکە دوورخرانەوە و لەشوێنی ئەوانیش ئالێکس ساندرۆ و لوکاس پێری بانگهێشتکراون.
Endrick, convocado finalmente por Brasil. @TheAthleticFC
— Mario Cortegana (@MarioCortegana) March 14, 2025
هاوکات نێیمار لەبارەی دوورخرانەوەی پەیامێکی بڵاوکردووەتەوە و دڵتەنگی خۆی دەردەبڕێت.
لە گەڕانەوە زۆر نزیکبووم، بەڵام بەداخەوە ئێستا ناتوانم مەزنترین درێسی جیهان بپۆشم.
گفتوگۆیەکی زۆرمانکرد و هەمووان دەزانن خواستی من بۆ گەڕانەوە چەند گەورەیە، بەڵام بڕیارماندا مەترسی دروست نەکەین و بەباشی خۆم بۆ گەڕانەوە ئامادە دەکەم.
سوپاس بۆ ئەو کەسانەی پەیامی هاوسۆزی و پاڵپشتیان بۆ ناردووم.
هەڵبژاردەی بەڕازیل لە پاڵاوتنەکانی جامی جیهانی 2026 لە 21ـی ئەم مانگە میوانداری کۆڵۆمبیا دەکات. لە 26ـی هەمان مانگیش دەبێتە میوانی هەڵبژاردەی ئەرجەنتین.