
یاریگا –
دوای ئەوەی زەوڕا بۆ ماوەی یەک رۆژ لە پێشەنگی یانەکان بوو، زاخۆ پێشەنگی خولی ئەستێرەکانی عێراقی وەرگرتەوە.
بە ئامادەبوونی هاندەرێکی زۆر، زاخۆ لە یاریگای خۆی بە ئەنجامی 2 _ 1 لە نەفتی بردەوە، بەم سەرکەوتنە زاخۆ جارێکی تر پێشەنگی یانەکانی خولی ئەستێرەکانی عێراقی وەرگرتەوە دوای ئەوەی بۆ ماوەی 24 کاتژمێر زەوڕا بەشێوەیەکی کاتی لە پێشەنگی خولەکە بوو.
دوای کۆتایی هاتنی یارییەکە تەڵال بلووشی راهێنەری قەتەڕی زاخۆ بەم شێوەیە باسی لە سەرکەوتنەکەیان کرد:
سەرکەوتنێکی گرنمان بە دەستهێنا و بەم سێ خاڵە جارێکی تر گەڕاینەوە ریزبەندی یەکەم لە خولەکە، لەگەڵ تۆمار کردنی گۆڵی نەفت ئەرکی ئێمە قورستر بوو، بەڵام یاریزانەکان بەباشی پلانەکانی ئێمەیان جێبەجێ کرد و توانیمان دوو گۆڵ تۆمار بکەین، یارییەکە ئاسان نەبوو چونکە نەفت یەکێکە لە تیپە باشەکانی خولەکە، یاریزانە یەدەگەکانمان کە دێنە نێو یاریگا بەو پەڕی بەرپرسیارەتیەوە یاریی دەکەن، هەوڵدەدەین سوود لە وەستانی خولەکە وەربگرین و باشتر بگەڕێنەوە نێو کێبڕکێ.
زاخۆ بەم سەرکەوتنە بە شێوەیەکی کاتی لە چاوەڕوانی دوو یارییە دواخراوەکەی شوڕتە یە و بە 49 خاڵ لە ریزبەندی یەکەمی خولی ئەستێرەکانی عێراق دێت، بەهۆی یاریی هەڵبژاردەی عێراق لە پاڵاوتنی مۆندیالی 2026 نزیکەی 20 رۆژ خولەکە دەوەستێت و لەگەڵ دەستپێکردنەوەی خولەکەش زاخۆ لە دێڕبی بادینان دەبێتە میوانی دهۆک.