
یاریگا –
فێرلاند مێندی لە یاریی دێربی مەدرید تووشی پێکان بوو، ئەمڕۆ پشکنینی پزیشکی بۆ دەکرێت بۆ ئەوەی قەبارەی پێکانەکەی دیاریی بکرێت.
رۆژنامەی مارکای ئیسپانی ئاشکرایکردووە، فێرلاند مێندی بەرگریکاری فەڕەنسی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی بۆ جاری سێیەم لەم وەرزە تووشی کرژبوونی ماسوڵکەکانی بوو، ئەمڕۆ پشکنینی پزیشکی بۆ دەکرێت بۆ ئەوەی جۆری پێکانەکەی دەستنیشان بکرێت.
مێندی لە یاریی دێربی مەدرید لە خولەکی 83 یاریگای بەجێهێشت و نەیتوانی یارییەکە تەواو بکات، کە لە ماسوڵکەکانی رانی چەپی تووشی پێکان بووە، مارکا ئاشکرایکردووە بێبەشبوونی مێندی لە یارییەکەی رۆژی یەکشەممە بەرامبەر ڤیاڕیال مسۆگەرە، بەڵام هێشتا دیار نییە ئەو بەرگریکارە فەڕەنسییە لە چەند یاریی دیکە بێبەش دەبێت، ئەمڕۆ پشکنینەکان ئەمە یەکلا دەکەنەوە.
تۆڕی وەرزشی ریلیڤۆی ئیسپانی ئاشکرایکردووە، پێشبینی دەکرێت مێندی هەفتەیەک یان دوو بۆ سێ هەفتە لە یاریگاکان داببڕێت.
پێشتر لەم وەرزە بەرگریکارە فەڕەنسییەکە دوو جاری دیکە تووشی پێکان بوو، جارێکیان 11 رۆژ و جاری دووەم 12 رۆژ لە یانەکەی دابڕا.