ئیسپانیاچامپیۆنزلیگ

رۆدریگۆ: فشارمان خستە سەر ناوبژیوان تاوەکوو لێدانەکەی ئالڤارێز رەت بکاتەوە

Yariga App

یاریگا –

رۆدریگۆ گۆس، هێرشبەری ریال مەدرید ئاشکرای کرد کە بە پێداگری یاریزانانی کورسی یەدەگ لێدانی سزای جولیان ئالڤارێز لە لایەن ناوبژیوانەوە رەت کراوەتەوە.

هەژمارنەکردنی لێدانی سزای جولیان ئالڤارێز لە لێدانە یەکلاکەرەوەکاندا، تیپی سەرکەوتووی بۆ قۆناخی چارەکی کۆتایی لە نێوان ریال مەدرید و ئەتلەتیکۆ مەدرید یەکلا کردەوە. چەند چرکەیەک دوودڵی و بێباوەڕی لە یاریگای میترۆپۆلیتانۆدا حوکمڕانی کرد. ئەم بێباوەڕییە تەنانەت گەیشتە کورسی یەدەگی ریال مەدریدیش. لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تی ئێن تی بەڕازیل، رۆدریگۆ روونیکردەوە کە چۆن ئەو ساتەیان تێبینی کردووە و داوای هەژمارنەکردنی لێدانی سزای هێرشبەرە ئەرجەنتینییەکەیان کردووە.

رۆدریگۆ گوتی:

بەڕاستی ساتێکی پێکەنیناوی بوو. لەسەر کورسی یەدەگ دانیشتبووم سەیری لێدانە یەکلاکەرەوەکانم دەکرد و شێوازی لێدانی تۆپەکەی جولیان زۆر سەیر بوو، وەک ئەوەی دووجار بەری کەوتبێت. لای کورسی یەدەگ ئاژاوەیەک دروست بوو، کامێرایەک لە پشتمانەوە بوو، دەستیان کرد بە هاوارکردن “دووجار بەری کەوتووە، دووجار بەری کەوتووە”. ئیمەش رامان کرد و دەستمان کرد بە فشارخستنە سەر ناوبژیوان. ئەو دیمەنەکەی سەیر کردەوە و بڕیاری هەژمار نەکردنی دا، بەڕاستی دوو جار بەری کەوت “پێشتر شتێکی لەم شێوەیەم نەبینیوە.”

دوێنێ شەو ئەتلەتیکۆ مەدرید لە یاریی گەڕانەوەی قۆناخی16 لە مێترۆپۆلیتانۆ رووبەڕووی ریال مەدریدی هاوشاری بوویەوە و یارییەکە لە کاتی ئاسایی و زیادکراودا یەکسان بوو و گەیشتە لێدانی یەکلاکەرەوە. ریال مەدرید توانی لە لێدانە یەکلاکەرەوەکاندا یارییەکە لە بەرژەوەندی خۆی یەکلا بکاتەوە و لە قۆناخی چارەکی کۆتایی رووبەڕووی ئارسینال ببێتەوە.

بابەتی زیاتر

Back to top button