
یاریگا –
کریستال پاڵاس گفتوگۆکانی نوێکردنەوەی گرێبەستی لەگەڵ ئۆلیڤەر گلاسنەر دەستپێکردووە.
گرێبەستی ئێستا گلاسنەر لە هاوینی ساڵی 2026 لە کریستال پاڵاس بەسەردەچێت. گلاسنەر دوای سێ مانگ لە دەستنیشانکردنی وەکو راهێنەری پاڵاس، بایرن میونشن زۆر هەوڵیدا بیکاتە شوێنگرەوەی تۆماس توخێل، بەڵام لە کۆتاییدا لە یانەکەی مایەوە.
راهێنەری 50 ساڵان لە فێبرایەر/شوباتی ساڵی 2024 شوێنی رۆی هۆدسنی گرتەوە و ئێستا لەگەڵ پاڵاس ئاستێکی زۆر باش پێشکەش دەکات.
لە وەرزی رابردوودا، گلاسنەر تیمەکەی لە پلەی 15 سەرخست بۆ پلەی دەیەم، دوای بردنەوەی حەوت یاریی لە کۆی 13 یاریی یەکەمی لەگەڵ یانەکەی باشووری لەندەن.
دەستپێکی ئەم وەرزەی پاڵاس لە ئاستی چاوەڕوانکراودا نەبوو، چونکە لە هەشت یاریی دەستپێکدا هیچ یارییەکی نەبردەوە، بەڵام ئێستا لە پلەی 11ی ریزبەندی پرێمەرلیگدا دێت و بردنەوەی یاریی شەممەی رابردوو بەرامبەر ئیپسویچ تاون، حەوتەمین بردنەوە بوو لە کۆی 10 یاریی رابردوودا.
پێشتر گلاسنەر راهێنەری ئێنتراخت فڕانکفورت بوو، نازناوی یۆرۆپالیگی بردەوە و گەیشتە یاریی کۆتایی جامی ئەڵمانیا.
کریستال پاڵاس لە 29ی ئەم مانگە لە قۆناخی چارەکی کۆتایی جامی FA رووبەڕووی فولهام دەبێتەوە.