
یاریگا –
ئەگەرەکانی بەشداریکردنی ترێنت ئالێکساندەر ئارنۆڵد، بەرگریکاری لیڤەرپوول لە یاریی کۆتایی جامی کاراباو بەرامبەر نیوکاسڵ یونایتد لاوازە.
یاریزانی 26 ساڵان، لە یاریی رابردووی لیڤەرپوول بەرامبەر پاریس سانجێرمان لە چامپیۆنزلیگ، تووشی پێکانبوو، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ زانیارییەک ئاشکرا نەکراوە.
رۆژنامەی دەیلی مەیڵ بڵاویکردووەتەوە، پێکانەکە زۆر مەترسیدارنییە و هیوایەکی زۆر بۆ گەڕانەوەی ئارنۆڵد بەر لە کۆتایی وەرز هەیە. هەرچەندە گرێبەستی ئارنۆڵد لە کۆتایی ئەم وەرزە بەسەردەچێت و تاوەکو ئێستا هیچ هەواڵێک لەبارەی مانەوەی لە ئانفیڵد نییە، بۆیە هاندەرانی لیڤەرپوول کەوتوونەتە دڵەڕاوکێ و بەشێکیان پێیان وایە، لەوانەیە ئارنۆڵد بە درێسی لیڤەرپوول نەبیننەوە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی رۆژنامەکە بێت، جارێڵ کوانسا، دەبێتە شوێنگرەوەی ئارنۆڵد بۆ یاریی داهاتوو، ئەمەش بەهۆی پێکانی کۆنۆر بڕادلی.
لیڤەرپوول هەوڵی پارێزگاریکردن لە جامی کاراباو دەدات و بڕیارە ئێوارەی یەکشەممە لە یاریگای وێمبڵی رووبەڕووی نیوکاسڵ ببێتەوە.