
یاریگا –
ئەمشەو کاتژمێر 09:00 لە یاریی گەڕانەوەی قۆناخی پێش کۆتایی خولی یانە پاڵەوانەکانی کەنداو، دهۆک لە یاریگای خۆی میوانداریی ئیتیفاقی سعوودی دەکات، کە هەفتەی رابردوو هەڵۆیەکانی چیا لە یاریی چوون لە دەمام بە گۆڵێکی بێبەرامبەر لە یانە سعوودییەکەی بردەوە.
تۆڕی وەرزشی یاریگا لە یوتیوب و فەیسبووک و تیک تۆک بە کۆمێنتاری ئارمانج محەمەد راستەوخۆ یارییەکە دەگوازێتەوە، دەستەیەکی ناوبژیوانانی بەحرەین بۆ بەڕێوەبردنی یارییەکە راسپێردراون، عەمار مەحفوز ناوبژیوانی بەحرەینی یارییەکە بەڕێوە دەبات.
یانەی ئیتیفاقی سعوودی بەرەبەیانی ئەمڕۆ گەیشتنە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر و دواتر گەیشتنە دهۆک، یانە سعوودییەکە کۆنگرەی رۆژنامەوانی ناکات و هیچ راهێنانێک لە یاریگای دهۆک ناکات، دوای یارییەکە راستەوخۆ دەگەڕێنەوە سعوودیە.
🚨🚨🚨🚨🚨🚨🚨🚨
شوارع أربيل تتزين بألوان الإتفاق، وإستقبال جميل بالورود لبعثة الإتفاق لحظة الوصول إلى العراق
🇮🇶❤️🇸🇦 pic.twitter.com/r81KPVwKia
— نواف الاسيوي 🇸🇦 (@football_li5) March 12, 2025
براوەی یارییەکە رووبەڕووی قادسیەی کوێتی دەبێتەوە
قادسیەی کوێتی لەسەر ئەستۆی نەسڕی ئیماراتی خۆی گەیاندە یاریی کۆتایی، لە قۆناخی پێش کۆتایی بە لێدانە یەکلاکەرەوەکان بە ئەنجامی 4-3 لە یانە کوێتییەکەی بردەوە.
گەرچی قادسیە لە یاریگای خۆی 2-1 دۆڕا، بەڵام بە سوودوەرگرتن لە ئەنجامی یاریی چوون کە بە گۆڵێکی بێبەرامبەر لە یانە ئیماراتییەکەی بردبووەوە، بە لێدانە یەکلاکەرەوەکان سەرکەوتنی بەدەستهێنا و پەڕییەوە یاریی کۆتایی.
یاریی کۆتایی خولی یانە پاڵەوانەکانی کەنداو بە چوون و گەڕانەوە یەکلا دەکرێتەوە، رۆژی 8ـی مانگی داهاتوو لە یاریی چوون قادسیەی کوێتی میوانداریی براوەی دهۆک و ئیتیفاق دەکات، رۆژی 15ـی ئەم مانگە لە یاریی گەڕانەوەدا براوەی دهۆک و ئیتیفاق میوانداریی یانە کوێتییەکە دەکات.
راهێنەری دهۆک: دەمانەوێت چیرۆکێک بنووسینەوە 100 ساڵی دیکەش لەیاد نەکرێت
لە کۆنگرەی رۆژنامەوانی پێش یارییەکە، مەسعود میرال راهێنەری دهۆک گوتی :’هەنگاوی یەکەممان بەرامبەر ئیتیفاق باش بوو، بەڵام ئێمە ئەوەمان لەبیر کردووە، ئێستا ئێمە تەنیا بیرمان لەسەر ئەم یارییەیە، ئێمە لەهەوڵداین خەونێک بهێنینەدی هەموو دهۆکییەکان شانازیی پێوە بکەن، بەڵام ئەمە تەنیا بە ئێمە ناکرێت، پێویستمان بە پشتیوانی هاندەرانیشە، ئێمە ئامادەکاریی تەواومان کردووە و یانەی میوان تیپێکی جیاواز دەبینێت لەم یارییە’.
هاروون ئەحمەد، ناوەڕاستکاری دهۆکیش لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکە گوتی :’ئێمە یارییەکی گرنگ چاوەڕێمان دەکات، ئێمە دەزانین لەم جۆرە یارییانە چۆن خۆمان لەژێر فشار بهێنینە دەرەوە، ئێمە خۆمان لە هەموو شتێک دوورخستووەتەوە، بۆ ئەوەی سەرنجی تەواومان لەسەر یارییەکە بێت’.
پێکهاتەی پێشبینیکراوی یارییەکە
دهۆک: محەمەد ساڵح، سیابەند عەگید، لوکاس مۆزیس، هێنریک تورسی، بەیار ئەبوبەکر، زانا عەلی، هاروون ئەحمەد، پیتەر گورگیس، کەریم دەروێش، پەشەنگ عەبدوڵا، مارلۆن سانتۆس.
ئیتیفاق: ماریک رۆداک، مدالە عولیان، جاک هێندری، عەبدوڵا خەتیب، عەبدوڵا مادۆ، جواو کۆستا، ئەلڤارۆ میدران، عەبدولئیلالە مالیکی، ڤیتینیۆ، جیۆرجینیۆ ڤایناڵدوم، تۆکۆ ئیکامبی.