
یاریگا –
مانچێستەر یونایتد یاریگایەکی نوێ لە تەنیشت ئۆڵدترافۆرد دروست دەکات، کە دەبێتە گەورەترین یاریگا لە بەریتانیا و چوارەم گەورەترین یاریگای جیهان.
سێر جیم راتکیف، هاوخاوەنی یانەی مانچێستەر یونایتدی ئینگلیزی بەفەرمی لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا، رایگەیاند :’یاریگایەکی نوێ لە تەنیشت یاریگای ئۆڵدترافۆرد دروست دەکەین، یاریگاکە شوێنی 100 هەزار هاندەر دەگرێت و ئەمڕۆ دیزاینی یاریگاکە ئاشکرا دەکرێت، ئەو یاریگایە دەبێتە گەورەترین یاریگا لە بەریتانیا، ساڵی 2030 تەواو دەبێت’.
هاوخاوەنی مان یونایتد گوتیشی :’ئەم یاریگایە نوێیەمان ساڵانە زیاتر لە 7.3 ملیار پاوەند داهات بۆ بەریتانیا زیاد دەکات، زیاتر لە 92 هەزار هەلی کار دەڕەخسێنێت’.
ماڵپەڕی فەرمی مانچێستەر یونایتد تەواوی وردەکارییەکانی یاریگا نوێیەکەی بڵاوکردووەتەوە، مانچێستەر یونایتد لە دروستکردنی یاریگا نوێیەکەی سوودی لە ئەزموون و بیرۆکەی یاریگاکانی لوسێل لە دەوحە، سانتیاگۆ بیرنابیۆی نوێ لە مەدرید و سۆفای لە لۆس ئانجڵس وەرگرتووە، کە پرۆسەی دروستکردنی یاریگاکە 200 ملیۆن پاوەندی تێدەچێت و پێنج ساڵ دەخایەنێت، کۆمپانیای Foster and Partners ئەرکی بونیادنانی یاریگاکە لەئەستۆ دەگرێت کە پێشتر ئەو کۆمپانیایە پێشتر یاریگاکانی وێمبلی نوێ و لوسێلی دروستکردووە.
لە دیزاینکردنی یاریگاکەدا، لە رووی دەرەوە یاریگاکە بە سێ چەتر رووپۆشکراوە، کە ئەو سێ چەترە سێ رمییان لەسەرە، ئەو رمانەش لە سێ رمەکەی دەستی شەیتانەکەی سیمبوڵی مانچێستەر یونایتد وەرگیراوە، کە مان یونایتد بە شەیتانە سوورەکان ناسراوە.
مانچێستەر یونایتد دوای 115 ساڵ یاریگای ئؤلدترافۆرد بەجێدەهێڵێت، کە لەوەتەی ساڵی 1910 شەیتانە سوورەکان لەو یاریگایە یاریی دەکەن، کە لەوەتەی ساڵی 2006 یاریگایەکە هیچ جارێک نۆژەن نەکراوەتەوە و لەم ساڵانەی دواییدا چەندان کێشە و کەموکوڕی زەق لە یاریگاکە دەرکەوتبوون و بوونە جێگای ناڕەزایەتی هاندەرانی مان یونایتد.
یاریگای ئۆڵدترافۆرد وەکو خۆی دەمێنێتەوە و هێشتا چارەنووسی ئەو یاریگایە ئاشکرا نەکراوە، بەڵام لەوانەیە بەهۆی کۆنی یاریگاکە لە ساڵانی داهاتوو پێش تەواوبوونی یاریگا نوێیەکەی، مان یونایتد ناچار بێت لە یاریگایەکی دیکە بە کاتی یارییەکانی بکات، تاوەکو یاریگا نوێیەکەی تەواو دەبێت.