
یاریگا –
لە هەڵوێستێکی رووندا لە سێر جیم راتکڵیفی هاوخاوەنی مانچێستەر یونایتدەوە، چارەنووسی روبن ئامۆریم یەکلایی کرایەوە.
مان یو بە راهێنەرایەتی ئامۆریم کە مانگی نۆڤێمبەری ساڵی رابردوو لە جێگەی ئێریک تێن هاخ دەستنیشانکرا، بە یەکێک لە هەرە خراپترین وەرزەکانی مێژووی یانەکەدا تێدەپەڕن بەجۆرێک لە هەردوو جامی یەکێتی ئینگلتەرا و کاراباو دەرکراون و لە پرێمەرلیگیش لە پلەی 14 دەبینرێن. ئەوەش هەفتە لەدوای هەفتە دەنگۆی دوورخستنەوەی راهێنەرە پۆرتوگالیەکەی زیاتر دەکرد.
بەڵام لە نوێترین چاوپێکەوتندا کە تۆزێک پێش ئێستا لە BBC بڵاوکرایەوە، راتکڵیف دەستەبەری داهاتووی ئامۆریمی کرد و تەنانە پاساوی بۆ ئەنجامەکانی هێنایەوە و وتی
ئەگەر بەڕاستی سەیری ئەو پێکهاتەیە بکەم لەبەردەستی ئامۆریمدا هەیە، بە ڕاستگۆییەوە بیڵێم ئەو راهێنەره کارێکی زۆر باش ئەنجام دەدات.
ئامۆریم راهێنەرێکی گەنجی سەرنجڕاکێشە. ئەو راهێنەرێکی نایابە و پێموابێ بۆ ماوەیەکی درێژ لە مان یونایتد دەبێ.
بەو قسانەی، راتکڵیف کۆتایی هێنا بە گومانەکانی روبن بۆ دوورخستنەوەی لە کۆتایی وەرزەکە کە تەنانەت سەرچاوەکانی هەواڵ باسیان لە ناوی بەربژێرەکان دەکرد بۆ شوێنگرەوەی.