بارسێلۆنا هێرشبەرێکی لاوی بۆ شوێنگرتنەوەی لیڤاندۆڤسکی دۆزیوەتەوە

یاریگا –
بارسێلۆنا دەیەوێت هێرشبەرێکی لاوی ئەمریکای لاتینی بگوازێتەوە ریزەکانی، بۆ ئەوەی لە ئێستاوە ئامادەکاریی بۆ قۆناخی دوای رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی بکات.
رۆژنامەی سپۆرتی کەتەلۆنی ئاشکرایکردووە، بارسێلۆنا دەیەوێت گرێبەست لەگەڵ نێیسێر ڤیاڕیال هێرشبەری کۆلۆمبی یانەی میلۆناریۆسی کۆڵۆمبی واژۆ بکات، کە ئەو هێرشبەرە 19 ساڵانە بەمدواییانە رەتیکردەوە گرێبەستەکەی لەگەڵ یانە کۆڵۆمبییەکەی نوێبکاتەوە، لەکاتێکدا کۆتایی ئەمساڵ گرێبەستەکەی کۆتایی دێت.
رۆژنامە کەتەلۆنییەکە راشیگەیاندووە، بارسێلۆنا بە وردی چاودێری ئەو هێرشبەرە کۆلۆمبییە دەکات، ئەگەر لە ئاست و توانای رازی بوون، ئەوا دەیانەوێت کۆتایی ئەمساڵ بە گرێبەستێکی ئازاد بیگوازنەوە یانەکەیان، ئەوکات بینێرنە تیپی دووەم یان ماوەیەک بە خواستن بەڕێیبکەن بۆ ئەوەی بە تەواوەتی ئامادەی بکەن، بۆ شوێنگرتنەوەی رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی کە ئێستا تەمەنی لە 36 ساڵی نزیک دەبێتەوە.
نێیسێر کێیە؟
ساڵی 2005 لە کۆڵۆمبیا لەدایکبووە، لە تیپی لاوانی یانەی میلۆناریۆسی کۆڵۆمبییەوە پێگەیشتووە و ئێستا لە تیپی یەکەمی ئەو یانەیە یاریی دەکات، لەم وەرزە لەکۆی 11 یاری تەنیا 146 خولەک یاریی کردووە و هیچ گۆڵێکی نەکردووە و تەنیا ئەسیستێکی کردووە.
نێیسێر لەگەڵ هەڵبژاردەی کۆڵۆمبیا خەڵاتی گۆڵکاری پاڵەوانێتی ژێر 20 ساڵانی ئەمریکای باشووری بەدەستهێنا کە لە ڤێنزوێلا بەڕێوەچوو.