
یاریگا –
سەرەرای هەڵشانی تەمەنی و لەم مانگە تەمەنی دەبێتە 34 ساڵ، ئانتۆنی گریزمان هێشتا لەلایەن گەورەکانی ئەوروپاوە خواستی لەسەرە.
گریزمان لەوەتەی ساڵی 2009 کاروانی پیشەگەرێتی دەستپێکردووە. تا ساڵی 2014 لە ریزەکانی سۆسیداد بوو پێش ئەوەی رووبکاتە ئاتلێتیکۆ مەدرید وەک دیارترین وێستگەکانی کاروانی یاریکردنی. لە ساڵی 2019یش لە گواستنەوەیەکی چاوەڕواننەکراودا یانەی بارسێلۆنا گواستیەوە ریزەکانی و تا 2022 لە یانە کەتەلۆنییەکە مایەوە پێش ئەوەی بەیەکجاریی بگەڕێتەوە بۆ ئاتلێتیکۆ.
ئێستا ئەستێرە فەڕەنسییەکە دەرفەتێکی دیکەی گەورەی هەر لە ئەوروپا بۆ هاتووتەپێشەوە و ئەم جارە لە وڵاتەکەی خۆیەوە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی فیچاخێسی ئیسپانیی، یانەی پاریس سانجێرمان ئۆفەرێکی پێشکەشی خودی یاریزانەکە و یانەکەشی کردووە و دەیەوێ بیگوازێتەوە بۆ باخچەی شازادەکان.
ئانتۆنی گرێبەستی ئێستای لەگەڵ رۆخی بلانکۆ تا هاوینی 2026 دەخایەنێ، رەنگە یانەکەی بە بیرکردنەوە لە بڕە پارەیەک پێش کۆتاییهاتنی گرێبەستەکەی، بە پی ئێس جی بفرۆشن.
پاریس دەیەوێ بۆ وەرزی داهاتوو بژاردەکانی هێڵی پێشەوە زیاتر بکات و لە تواناکانی گریزۆ ئاگەدارە. ئەستێرە فەڕەنسییەکە لە 40 یاریی ئەم وەرزە لە سەرجەم پاڵەوانێتیەکاندا بەشداریی لە 23 گۆڵدا کردووە (16 گۆڵ و 7 ئەسێست).