
یاریگا –
روبن ئامۆریم بەتەواوەتی لە راستیی بارودۆخی مانچێستەر یونایتد و ئاستی کێبڕکێکانی ئەم وەرزە تێگەشتووە و ئاڵای سپی هەڵکرد.
مان یونایتد بە راهێنەرایەتی ئامۆریم کە نۆڤێمبەری ساڵی رابردوو لە جێگەی ئێریک تێن هاخ پۆستەکەی پێدرا، بە یەکێک لە خراپترین ئاستەکانی مێژووی یانەکەدا تێدەپەڕن. بەجۆرێک، لە هەردوو جامی کارابا و جامی یەکێتی ئینگلتەرا دەرکراون و لە پرێمەرلیگیش لە پلەی 14 دەبینرێن.
لە لێدوانی مێدیایی پێش یارییەکەی ئارسیناڵ کە ئەمشەو لە میانی هەفتەی 28ی خولەکە لەنێو ئۆڵدترافۆرد بەڕێوەچوو، راهێنەرە پۆرتوگالییەکە خاڵی لەسەر پیتەکان دانا و بۆ تۆڕی هەواڵی سکای وتی
زۆر زەحمەتە ئەم وەرزە بارودۆخەکە بگۆڕین، چونکە هەستەکان تووشی داتەپین بوونە.
وەک وا دەردەکەوێ یاریزانەکان دووچاری برینێکی قووڵ بوونە و زەحمەتە بۆیان بتوانن بەو خێراییە بارودۆخەکە بگۆڕن.
ئامۆریم هیوایەکی هێشتەوە بۆ ئەو 10 هەفتەیەی ئەم وەرزە ماویەتی لە خولی ئینگلیزی و هەروەها بۆ وەرزی داهاتووش، بۆیە وتی
بەڵام لە تۆپی پێدا هەرشتێ دەکرێ بگۆڕدرێ
پێنجشەممەی داهاتوو مان یونایتد لە یاریی گەڕانەوەی قۆناخی 16ی یۆرۆپالیگ میوانداریی ریال سۆسیداد دەکەن کە یاریی چوونی نێوانیان 1-1 کۆتایی هاتووە. یەکشەممەی هەفتەی داهاتووش لە کێبڕکێکانی خولی ئینگلیزی دەبنە میوانی لێیستەر سیتی وەک کۆتا یاریی ئەم مانگەیان لە سەرجەم پاڵەوانیتیەکان.