ئیسپانیا

گۆڵپارێزی پێشووی بارسێلۆنا ماڵئاوایی لە تۆپی پێ کرد

Yariga App

یاریگا –

جۆردی ماسیپ لۆپێز، گۆڵپارێزی پیشووی بارسێلۆنا، لە تەمەنی 36 ساڵی وازهێنانی لە تۆپی پێی پیشەگەری راگەیاند.

جۆردی ماسیپ لە چاوپێکەوتنێکدا، رایگەیاند کە واز لە یاری تۆپی پێی پیشەگەرانە دەهێنێت. گۆڵپارێزە تەمەن 36 ساڵەکە دوای کۆتایی هاتنی گرێبەستی لەگەڵ ڤایادۆلید یاریزانێکی ئازاد بوو. گرێبەستی گۆڵپارێزە کەتەلۆنییەکە لەگەڵ ڤایادۆلید لە مانگی حوزەیرانی ساڵی رابردوودا کۆتایی هات و هەردوو لایەن، یانەکە و یاریزانەکە، بڕیاریاندا هاوکارییەکانیان بوەستێنن.

ژیانی وەرزشی ماسیپ لە ئەکادیمیای بەناوبانگی لاماسیا دەستی پێکرد و بەشێکی بەرچاوی ساڵانی سەرەتای ژیانی لەوێ بەسەر برد. لە وەرزی 2014-2015 یەکەم یاری پیشەگەرانەی لەگەڵ بارسێلۆنا ئەنجامدا و لە لالیگا و جامی شای ئیسپانیا پارێزەری گۆلی بلاوگرانا بوو.

سەبارەت بە هۆکاری وازهێنانی، ماسیپ گوتی:

حەزم دەکرد بگەرێمەوە ماڵەوە و لەگەڵ هاوژین و منداڵەکانم بم. نەمدەویست لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی تر بگوازرێنەوە و دڵخۆشم بەو بڕیارەی کە داومە. هەستم کرد ژیانی پیشەییم کۆتایی دێت، بەڵام لە کۆتاییدا بڕیارێکی خێزانیی بوو و شانازی بە رێرەوی کاروانی وەرزشیم دەکەم.

ماسیپ لە ریزەکانی لاوانی بارسێلۆنا و لە لاماسیا پەروەردە بووە. لە ساڵی 2014دا پەیوەندی بە تیپی یەکەم کرد، بەڵام بەهۆی رکابەرییە توندەکانی تێر شتیگن و براڤۆ وەک گۆڵپارێزی سێیەم داندرا. لە بارسا، لە ساڵی 2015 لالیگا، جامی شا، چامپیۆنزلیگ، جامی سوپەری ئەوروپا و جامی جیهانی یانەکانی بەدەستهێنا. بەڵام ئەوە لە ڤایادۆلید بوو کە ناوبانگێکی بۆخۆی دروست کرد. لەم تیپەدا ماسیپ رۆڵی سەرەکی بینی لە دوو سەرکەوتن بۆ لالیگا (2017-2018 و 2021-2022).

لە کۆتا وەرزی کاروانی وەرزشیدا یارمەتی ڤایادۆلیدی دا بۆ گەڕانەوە بۆ لالیگا. ماسیپ زیاتر لە 200 یاری لەگەڵ ریال ڤایادۆلید کردووە.

بابەتی زیاتر

Back to top button