
یاریگا –
لە دەرەوەی یاریگای خۆی و لە کەشێکی باراناویدا، زاخۆ بەرامبەر یەکسان بوو و راهێنەرە قەتەڕیەکەش هۆکاری لە دەستدانی دوو خاڵی ئەم یارییە ئاشکرا دەکات.
لە یاریگای ئەحمەد رازی لە بەغدا، لە گەڕی 23ـی خولی ئەستێرەکانی عێراق، زاخۆ بە ئەنجامی 1 _ 1 لەگەڵ کەرخ یەکسان بوو، لە ئەگەری سەرکەوتنی شوڕتە لە سێ یاریی دواخراوی خۆی ئەوا زاخۆ بە فەرمی و بە جیاوازی 4 خاڵ پێشەنگی ریزبەندی لە بەرژەوەندی شوڕتە لەدەست دەدات.
تەڵال بلووشی راهێنەری قەتەڕی زاخۆ دوای کۆتایی هاتنی یارییەکە باس لە یەکسان بوونەکەیان دەکات و گوتی:
بە هیوابووین سێ خاڵی یارییەکە وەربگرین و هەر ئەوەش ئامانجی ئێمە بوو، بەڵام وەستانی ئاو لە نێو یاریگا هۆکاربوو بۆ ئەوەی نەتوانین بە باشی تۆپەکان لەنێوان یاریزانەکان ئاڵوگۆڕ بکەین وێڕای بەهێزی هێلی بەرگری تیپی بەرامبەر، یەکسان بوونەکە بۆ ئێمە وەک شکست وابوو، بەڵام هەوڵدەدەین لە یاریی داهاتوو بەرامبەر نەفت قەرەبووی بکەینەوە، کێبڕکێ دەکەین لەسەر نازناوی ئەم وەرزەی خولی ئەستێرەکانی عێراق تا دوا گەڕی خولەکە.
نۆ یارییە لە خولەکە کوڕانی خابوور تووشی شکست نەهاتوونە وێڕای یارییەکەی جامی عێراقیش بەرامبەر گەڕمە کە 2 _ 0 براوە بوون، زاخۆ 46 خاڵی هەیە و بە جیاوازی گۆڵ لەگەڵ زەوڕا لە پێشەنگی خولی ئەستێرەکانی عێراق دێت، گەڕی داهاتووش لە یاریگای خۆی رووبەرووی نەفت دەبێتەوە.