
یاریگا –
میکێل ئارتێتا، راهێنەری ئارسیناڵ هۆشداری دایە مایڵز لویس سکێڵی تاوەکوو جارێکی دیکە نەبێتە خاڵی لاوازی تیپەکەی.
ئارسیناڵ بووە یەکەم یانە لە مێژووی قۆناخی 16ی چامپیۆنزلیگ لە دەرەوەی یاریگای خۆی حەوت گۆڵ تۆمار بکات و لە یارییەکە بە تەواوی بەسەر رکابەرە هۆڵەندییەکەیدا زاڵ بوو. بەڵام ئارتێتا دوای تەنیا 35 خولەک لە کاتێکدا ئەنجامی یاریی 0-3 بوو، هەستی کرد کە دەبێت گۆڕانکاری بە لویس سکێڵی بکات.
یاریزانە تەمەن 18 ساڵەکە چەند خولەکێک پێشتر بەهۆی فاولێک لەسەر ریچارد لێدێسما کارتی زەردی وەرگرت و لە بەختی باشی کارتی سووری بەڕوودا بەرز نەکرایەوە.
لویس سکێڵی لەم وەرزەدا دوو جار کارتی سووری وەرگرتووە؛ هەرچەندە یەکەم کارتی سووری لە یارییەکەی بەرامبەر وۆڵڤز بە تانەدان هەڵوەشایەوە، بەڵام تا ئێستا چوار جاری دیکە کارتی زەردی وەرگرتووە.
ئارتێتا سەبارەت بە گۆڕانکارییە زووەکەی گوتی:
پێموایە تەواو روون بوو کە لەگەڵ کارتی زەرد، لاوازییەکمان لە بەرگری چەپ هەبوو، بۆیە کاتی ئەوە نەبوو مەترسی بکەین. لەم ئەزموونەوە فێری چۆنیەتی بەڕێوەبردنی یارییەکە بووین، بەتایبەتی بە لەبەرچاوگرتنی گرنگی ئەم پاڵەوانەتییە، بۆیە بەدڵنیاییەوە دەبێت وانەیەک بووبێت بۆ یاریزانەکەمان. بەڵام سنوورەکان لەم وەرزشەدا زۆر بەرتەسکن، لویس زۆر زیرەکە و چاوەڕوانی زۆر شت لە خۆی دەکات. کاردانەوەی دەستبەجێی هەیە و لێرەیە بۆ ئەوەی فێربێت بەڵام پێویستە زیاتر ئاگاداری هەڵسوکەوتەکانی بێت.
لویس سکێڵی لەم وەرزەدا 24 یاری لەگەڵ ئارسێناڵ ئەنجامداوە و بەو ئاستەی پێشکەشی کردووە دەکرێت لەلایەن تۆماس توخێلەوە بۆ پێکهاتەی ئینگلتەرا بانگهێشت بکرێت.
رۆژی یەکشەممە ئارسیناڵ لە یاریگای ئۆڵدترافۆرد رووبەڕووی مانچێستەر یونایتد دەبێتەوە و ئارتێتا دووپاتیکردەوە کە تیپەکەی روبێن ئەمۆریم هێشتا توانای ئەوەی هەیە ئاستێکی گەورە پێشکەش بکات سەرەڕای ئەوەی لە پلەی 14ی ریزبەندی پرێمەرلیگدایە و لە کۆتا 11 یاری خول تەنیا سێ سەرکەوتنی بەدەستهێناوە.