ئیسپانیاراپۆرتی تایبەتگرنگترین

هاندەرانی ریال مەدرید لە خانمانی یانەکەیان تووڕەن؛ کەی دەتوانن لە بارسێلۆنا ببەنەوە؟

ئەم مانگە خانمانی بارسێلۆنا و ریال مەدرید سێ یاریی لەگەڵ یەکتری دەکەن

Yariga App

یاریگا –

خانمانی ریال مەدرید هەرگیز نەیانتوانیوە لە یاریی کلاسیکۆ لە خانمانی بارسێلۆنا ببەنەوە، دوای 16 یاری دەیانەوێت گرێکوێرەی یاریی کلاسیکۆ بکەنەوە، کە ئەمشەو لە قۆناخی پێش کۆتایی جامی شاژنی ئیسپانیا بەیەک دەگەن.

لە مێژووی رووبەڕووبوونەوەی خانمانی بارسێلۆنا و ریال مەدرید کە 16 جار بەیەکگەیشتوون، خانمانی بارسێلۆنا هەر 16 یارییەکەیان بردووەتەوە، خانمانی ریال مەدرید تەنانەت نەیانتوانیوە یەکسانیش بن، سەرجەم یارییەکانیان بەرامبەر بلاوگرانا دۆڕاندووە. خانمانی بارسێلۆنا 73 گۆڵیان کردووە کەچی خانمانی ریال مەدرید لە یارییەکانی کلاسیکۆ تەنیا 7 گۆڵیان کردووە.

ریال مەدرید لە دوایین کلاسیکۆی خانمان لە یاریی کۆتایی جامی سوپەری ئیسپانیا تووشی دۆڕانێکی قورس بوو، مەدریدییەکان 5-0 دۆڕان، ئەمەش بووە جێگای ناڕەزایەتی هاندەرانی ریال مەدرید، خەریکە چیدیکەی بەرگەی دۆڕانەکانی ریال مەدرید بەرامبەر بارسێلۆنا ناگرن.

ئەمشەو کاتژمێر 09:00 (بە کاتی هەولێر)، خانمانی ریال مەدرید و بارسێلۆنا لە یاریی چوونی قۆناخی پێش کۆتایی جامی شاژنی ئیسپانیا، لە ماوەی کەمتر لە مانگێک سێ یاریی کلاسیکۆی خانمان دەکرێن، ئەمشەو لە یاریی چوون و رۆژی چوارشەممەی هەفتەی داهاتوو لە یاریی گەڕانەوەی قۆناخی پێش کۆتایی جامی شاژنی ئیسپانیا بەیەک دەگەن، دواتریش 23ـی ئەم مانگە لە لالیگا بەیەک دەگەن.

لە لالیگا، خانمانی بارسێلۆنا بە کۆکردنەوەی 57 خاڵ پێشەنگی خولەکەیان گرتووە و خانمانی ریال مەدریدیش بە 52 خاڵ لە پلەی دووەم دێن، لە چامپیۆنزلیگی خانمانیش ریال مەدرید لە چارەکی کۆتایی بەر ئارسیناڵ کەوتووە و لەم مانگە دوو یاریش بەرامبەر خانمانی ئارسیناڵ دەکات.

تیپی خانمانی یانەی ریال مەدرید کە بە ‘ریال مەدرید فێمێنینۆ’ ناودەز دەکرێت، ساڵی 2020 دامەزراوە و پێشتر یانە مەدریدییەکە تیپی تۆپی پێی خانمانی نەبوو، تاوەکو ئێستا هیچ نازناوێکیشیان بەدەست نەهێناوە.

Back to top button