گواردیۆلا داوای ئەستێرە لاوەکەی ئەڵمانیا دەکات

یاریگا –
فلۆریان ڤیرتز، ئامانجی سەرەکی پێپ گواردیۆلایە بۆ هاوینی داهاتوو و پێپ داوای گرێبەستکردن لەگەڵ دیاردە ئەڵمانیەکەی کردووە.
مانچێستەر سیتی فلۆرییان ڤیرتزی وەک ئامانجی سەرەکی گواستنەوەی هاوینەی یانەکەی دەستنیشانکردووە. ئەمە لە کاتێکدایە کە یانە گەورەکانی دیکەی وەک ریال مەدرید و بایرن میونشنیش بیر لە ئەگەری گواستنەوەی ئەستێرە لیڤەرکۆزنییەکە دەکەنەوە.
ئەمشەو فلۆریان ڤیرتز لە یارییەکی چارەنووسسازدا لەگەڵ لیڤەرکوزن رووبەڕووی بایرن میونشن بوویەوە. بایرن میونشن یارییەکەی لە بەرژەوەندی خۆی و بە ئەنجامی 3 گۆڵێ بێ وەڵام بردەوە و تیپەکەی ڤیرتزی هەنگاوێک لە گەیشتن بە چارەکی کۆتایی دوورتر کردەوە.
رۆژنامەی بیڵدی ئەڵمانی ئەمڕۆ رایگەیاند، ئەنجامی دوو یارییەکەی بەرامبەر بایرن میونشن دەتوانێت داهاتووی فلۆریان یەکلایی بکاتەوە. لیڤەرکوزن دەیەوێت گرێبەستەکەی درێژ بکاتەوە کە لە هاوینی 2026 کۆتایی دێت. بایرن میونشنیش ماوەیەکە هەوڵی رازیکردنی ئەو یاریزانە دەدات، بەگوێرەی راپۆرتە میدیاکانی ئیسپانیا، ریال مەدریدیش ماوەیەکە بە وردی چاودێری دەکات.
ماڵپەڕی بیڵد لە درێژەی بابەتەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە، پێپ گواردیۆلا بە تامەزرۆییەوە دەیەوێت ڤیرتز بگوازێتەوە ئیتیحاد. بەپێچەوانەی بایرن میونشن، پیپ نایەوێت تا هاوینی 2026 چاوەڕێی ڤیرتز بکات و لە گواستنەوەی پەلە دەکات. گواردیۆلا داوای لە بازرگانێکی بەناوبانگی ئیتاڵی جیۆڤانی برانچینی کردووە لەمبارەیەوە گفتوگۆ لەگەڵ لیڤەرکوزن بکات.
پەیوەندی نێوان پێپ و برانچینی دەگەڕێتەوە بۆ چەندین ساڵ لەمەوبەر. ئەوە برانچینی بوو کە لە ساڵی 2013 گواستنەوەی گواردیۆلای بۆ بایرن میونشن رێکخست. بازرگانەکە لە سیڤییەکەیدا رۆڵی هەیە لە گواستنەوەی ئەستێرە گەورەکانی وەک روی کۆستا و رۆناڵدۆ نازاریۆ و رۆماریۆ. پێپ دڵنیایە لەوەی ئەو بریکار/بازرگانە ئیتاڵییە باشترین بژاردەیە بۆ ئەوەی ڤیرتز و لیڤەرکوزن رازی بکات بۆ ئەوەی لەم هاوینەدا پەیوەندی بە مانچێستە سیتیەوە بکات.