ئاشکرابوو؛ لیڤەرپوول زۆر لە گواستنەوەی کڤارا نزیکبوو
''پاریس هەموو هاوکێشەکانی گۆڕی''

یاریگا –
لیڤەرپوول لە گواستنەوەی خڤیچا کڤاراتسخێلیا شکستیهێنا، هەرچەندە ئۆفەری فەرمی ئامادەکردبوو.
سکای ئیتاڵیا بڵاویکردووەتەوە، لیڤەرپوول بڕی 100 ملیۆن یۆرۆی بۆ گوستنەوەی کڤارا لە ناپۆلییەوە ئامادەکردبوو، بەڵام پاریس سانجێرمان زۆر پەلەی لە گواستنەوەکە کرد و بەر لە لیڤەرپوول، ئەستێرە جۆرجییەکەی گواستەوە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕە ئیتاڵییەکە بێت، لیڤەرپوول پلانی گواستنەوەی کڤارای بۆ هاوینی داهاتوو یەکلاییکردبووەوە.
ناپۆلی ئۆفەرەکەی لیڤەرپوولی رەتکردەوە و چاوی لە هێشتنەوەی یاریزانەکە بوو. لە هاوینی رابردوودا، ناپۆلی ئۆفەرێکی فەرمی پاریسی رەتکردەوە، بەڵام دوای چەند مانگێک، کڤارا داوای چوونە دەرەوەی لە ناپۆلی کرد و بووە یاریزانی پاریس.
لەوەتەی پەیوەندی بە پاریسەوە کردووە، کڤارا 10 یاریی لە سەرجەم پاڵەوانیەتییەکاندا کردووە، جاوەنی دوو گۆڵ و سێ ئەسیستە.
لە یاریی شەوی رابردوودا، کڤارا گۆڵێکی بۆ پاریس کرد، بەڵام بەهۆی ئۆفساید رەتکرایەوە.