ئێنریکێ پەیامێک ئاڕاستەی لیڤەرپوول دەکات؛ چاوەڕێبن
راهێنەرە ئیسپانییەکە چاوی لە ئەنجامێکی ئەرێنییە

یاریگا –
لویس ئێنریکێ، راهێنەری پاریس سانجێرمان هەڕەشە لە لیڤەرپوول دەکات و رایدەگەیەنێت، ئەنجامی یاریی چوون نادادپەروەرانەیە.
لیڤەرپوول بردنەوەیەکی گرنگی لە یاریی چوونی قۆناخی 16ی چامپیۆنزلیگ بەرامبەر پاریس سانجێرمان بە گۆڵێکی بێوەڵام بەدەستهێنا.
هارڤی ئیلیەت لە خوولەکی 87ی یارییەکە، لە یەکەم بەرکەوتنی بە تۆپ، تاکە گۆڵی یارییەکەی کرد.
سانجێرمان لە کۆی 20 یاریی رابردوودا 18 یاریی بردووەتەوە و لە دوو یارییەکەی دیکەش یەکسانبووە. ئێنریکێ لە دوای یارییەکە روونیکردەوە
ئەوەی روویدا زۆر نادادپەروەرانە بوو، لەوانەیە باشترین یاریی ئێمەبووبێت لە چامپیۆنزلیگ، زۆر ئەستەمە بە ئەرێنی بیر لە ئەنجامی یارییەکە بکەینەوە.
ئەوان خاوەنی ئالیسنن، کە باشترین یاریزانی یارییەکە بوو، ئەمەش ئاستی مەترسییەکانی ئێمە رووندەکاتەوە. زۆر شانازی بە تیمەکەم دەکەم، بەڵام هەندێکجار تۆپی پێ نادادپەروەرانەیە، لە ئێستاوە بیر لە یاریی گەڕانەوە دەکەینەوە.
زۆر لە لیڤەرپوول باشتر بووین، بەڵام ئەوان سەرکەوتن و من هیچ لایەنێکی نەرێنی نادۆزمەوە، هێشتا یارییەک ماوە. ئەگەر ئاستی یاریی رابردوو دووبارە بکەینەوە، دەتوانین بگەینە قۆناخی داهاتوو و ئامادەین رووبەڕووی لیڤەرپوول ببینەوە.
لەبارەی چوونی تیمەکەی بۆ ئانفیڵد، ئێنریکێ دەڵێت
بەدڵنیاییەوە ئانفیڵد شوێنێ قورسە، بەڵام دەچین و هەوڵدەدەین هەمان ئاست پێشکەش بکەینەوە. بە تەواوی بۆ یاریی گەڕانەوەی لیڤەرپوول ئامادەین.
یاریی گەڕانەوە لە 11ی ئەم مانگە لە ئانفیڵد دەکرێت و لیڤەرپوول هەنگاوێک خۆی لە قۆناخی هەشتی چامپیۆنزلیگ نزیککردووەتەوە.
براوەی یارییەکە لە قۆناخی هەشتدا رووبەڕووی ئاستۆن ڤیلا یاخود کڵەب برووج دەبێتەوە.