
یاریگا –
ئارنە سڵۆت، راهێنەری لیڤەرپوول تاوەکو ئێستا لە بازنەی سزاکانی یاریی دێربی بەرامبەر ئێڤەرتن دەرباز نەبووە.
لە دوا خوولەکی یارییەکەدا، سڵۆت بە کارتی سوور کرایە دەرەوە، ئەمەش دوای ئەوەی ئێڤەرتن لە دوا خوولەکی یارییەکە گۆڵی یەکسانبوونەوەی کرد و سڵۆت هێرشیکردە سەر ناوبژیوان.
یەکێتیی تۆپی پێی ئینگلتەرا وردەکاری قسەکانی سڵۆتی بڵاوکردەوە کە ئاڕاستەی مایکڵ ئۆلیڤەر، ناوبژیوانی یارییەکە کردبوو و لە راپۆرتەکەدا هاتووە
سڵۆت لە دوای یارییەکە دەوقەی لەگەڵ ئۆلیڤەر کرد و بە ناوبژیوانەکەی گوتووە، F*** هەموو شتێکت بە ئەواندا، ئەگەر نازناوی پرێمەرلیگ بەدەستنەهێنم، ئەوا گلەیی لە تۆ دەکەم. دواتر دووجار بە ئۆلیڤەر و یاریدەدەرەکەی گوتووە، F*** ئابڕووچوونە.
لە دوای تەواوبوونی لێکۆڵینەوەکان، سڵۆت بۆ دوو یاریی و بە 70 هەزار پاوەند سزادرا.
راهێنەری لیڤەرپوول لە وەڵامی بڵاوکردنەوەی وردەکاریی قسەکانی لە یاریی دێربی روونیکردەوە
ئەو قسانەی من کە لە راپۆرتەکەدا هاتوون، دەتوانم لێرە جارێکی دیکە بیڵێمەوە، ئەوکاتەی ئەم قسانەم کردووە، لە ساتێکی هەستیاردابووم، چونکە شتی زۆر لە دوا حەوت هەشت خوولەکی یارییەکە روویاندا.
دوای تەواوبوونی یارییەکە، بڕیارمدا بچمە لای مایکڵ (ئۆلیڤەر) و قسەی لەگەڵدا بکەم، ئێستا هەمان هەست و سۆزی یارییەکەم نییە،
پێموایە لەم دوواییەدا، ناوی مایکڵ ئۆلیڤەر زۆر لە هەواڵەکاندا دەبینم و ئەمەش شتێکی باش نییە. ئێستا بە تەواوی کۆنتڕۆڵی دەربڕینەکانم کردووە.
لیڤەرپوول بە جیاوازی 13 خاڵ پێشەنگی پرێمەرلیگ و ئەمشەو لە یاریی چوونی قۆناخی 16ی چامپیۆنزلیگ لە پارک دۆ پرێنس رووبەڕووی پاریس سانجێرمان دەبێتەوە.