ئارتێتا: ئارسیناڵ ئەم وەرزە چامپیۆنزلیگ بەدەست دەهێنێت

یاریگا –
میکێل ئارتێتا پێی وایە ئارسیناڵ ئەم وەرزە توانای بردنەوەی چامپیۆنزلیگی هەیە.
ئەمشەو لە یاری چوونی قۆناغی 16ی چامپیۆنزلیگ، ئایندهۆڤن و ئارسیناڵ لە هۆڵەندا رووبەڕووی یەک دەبنەوە. گەنەرز هەفتەی رابردوو بە بێ گۆڵ لەگەڵ نۆتینگیام فۆڕێست یەکسان بوو، بەمەش چانسی بردنەوەی نازناوی پرێمەرلیگ کەم بووەوە، بە لەبەرچاوگرتنی بردنەوەی لیڤەرپوول لە نیوکاسڵ بە ئەنجامی 2-0، ئێستاش بە جیاوازی 13 خاڵ لە پێشەنگی ریزبەندی خولەکە دوورکەوتووەتەوە.
ئارتێتا لە کۆنگرەیەی رۆژنامەوانی پێش یارییەکەی بەرامبەر ئایندهۆڤن گوتی :
ئەم وەرزە لە چامپیۆنزلیگ زۆر شت فێربووین، ساڵی رابردوو لەم پاڵەوانێتییەدا یارییەکی جیاوازمان لە ماڵەوە و لە دەرەوەی یاریگا کرد، بەڵام لەم وەرزەدا یەکگرتووترین، گۆڵی زۆرمان کردووە و تەنیا سێ گۆڵمان لێکراوەتەوە و تیپەکەمان ئاستێکی باشی پێشکەش کردووە، بەڵام دەبێت لەم ئاستە بەردەوام بین. کاتێک سەیری ئەو تیپانە دەکەیت کە پێشتر پاڵەوانێتیەکەیان بەدەستهێناوە، دەبینیت کە لە رووی بەرگرییەوە ئاستێکی خەیاڵیان هەبووە.
ئارسینال کە توانی راستەوخۆ بگاتە قۆناخی 16 چامپیۆنزلیگ بڕیارە ئەمشەو کاتژمێر 23:00 بە کاتی هەولێر لە یاریگای فلیپس شتادیۆن رووبەڕووی ئایندهۆڤنی هۆڵەندی ببێتەوە و یاریی گەڕانەوەش لە ئیماڕات لە بەرواری 12 ئەم مانگە بەڕێوە دەچێت و براوەی یارییەکە دەگاتە قۆناخی چارەکی کۆتایی پاڵەوانەتییەکە.