
یاریگا –
کلاودیۆ ماڕادۆنا هێرشبەری بەڕازیلی یانەی نەورۆز میوانی نوێترین ئەڵقەی سیمای کوردستانە، کە بەرنامەیەکی تایبەتی تۆڕی وەرزشی یاریگایە، سیما شەفیع پێشکەشی دەکات و هەر جارێک میوانداریی یاریزانێکی پیشەگەری یانەکانی کوردستان و عێراق دەکات.
کلاودیۆ ماڕادۆنا، هێرشبەری یانەی نەورۆز دەڵێت :’هەست دەکەم من کوردم، خۆزگە دەخوازم کورد بوومایە، راستە پاسپۆرتی کوردستان نییە، بەڵام خۆزگە دەبوومە خاوەنی پاسپۆرتی کوردستان’.
ماڕادۆنا دەشڵێت :’لە میرکاتۆی زستانە نزیکبووم رووبکەمە ریزەکانی قوە جەوییە، بەڵام دواجار بڕیارمدا هەر لە نەورۆز بمێنمەوە و گرێبەستەکەم تاوەکو هاوینی 2027 نوێکردەوە، بەڕاستی من دەمەوێت هەر لە نەورۆز واز لە یاریکردن بهێنم، ئەم یانەیە منی لەخۆگرتووە و زۆر شتی پێداوم کە پێشتر نەمبووە، سۆز و خۆشەویستی هاندەران لێرە بۆ من هەموو شتێکە’.
لە بەرنامەکە جگە لە ماڕادۆنا، تاتیانای هاوژینیشی میوانی سیمای کوردستانە و ئەو خانمە بەڕازیلییە هاوشانی هاوژینەکەی لەگەڵ سیما شەفیع پێشکەشکاری بەرنامە پیاسەیەکی شەقامی سەهۆڵەکە دەکەن، هاوژینەکەی ماڕادۆنا کە لە سلێمانی راهێنەری لەشجوانییە، دەڵێت :’هەرگیز حەز ناکەم شاری سلێمانی بەجێبهێڵم، لێرە لەم شارە زۆر ئاسوودەین’.