کوردستانگرنگترین

کلاودیۆ ماڕادۆنا لە سیمای کوردستان: خۆزگە کورد بوومایە و دەمەوێت لە نەورۆز واز لە یاریکردن بهێنم

دەشڵێت: کریستیانۆ رۆناڵدۆ باشترین یاریزانی مێژووی تۆپی پێیە

Yariga App

یاریگا –

کلاودیۆ ماڕادۆنا هێرشبەری یانەی نەورۆز لە نوێترین ئەڵقەی بەرنامەی سیمای کوردستان دەڵێت :’خۆزگە کورد بوومایە و دەبوومە خاوەنی پاسپۆرتی کوردستان’.

کلاودیۆ ماڕاۆنا لەبارەی ئەوەی بۆچی زۆربەی پۆستەکانی لە هەژماری فەرمی خۆی لە فەیسبووک بە زمانی کوردی بڵاو دەکاتەوە، دەڵێت :’هەست دەکەم من کوردم، خۆزگە دەخوازم کورد بوومایە، راستە پاسپۆرتی کوردستان نییە، بەڵام خۆزگە دەبوومە خاوەنی پاسپۆرتی کوردستان، هەست دەکەم کورد و بەڕازیلی زۆر لە یەکتری دەچن و هەردوولامان رێز لە کلتوری جیاواز دەگرین’.

ماڕادۆنا دەشڵێت :’لە میرکاتۆی زستانە نزیکبووم رووبکەمە ریزەکانی قوە جەوییە، بەڵام دواجار بڕیارمدا هەر لە نەورۆز بمێنمەوە و گرێبەستەکەم تاوەکو هاوینی 2027 نوێکردەوە، بەڕاستی من دەمەوێت هەر لە نەورۆز واز لە یاریکردن بهێنم، ئەم یانەیە منی لەخۆگرتووە و زۆر شتی پێداوم کە پێشتر نەمبووە، سۆز و خۆشەویستی هاندەران لێرە بۆ من هەموو شتێکە’.

لە بەرنامەکە جگە لە ماڕادۆنا، تاتیانای هاوژینیشی میوانی سیمای کوردستانە و ئەو خانمە بەڕازیلییە هاوشانی هاوژینەکەی لەگەڵ سیما شەفیع پێشکەشکاری بەرنامە پیاسەیەکی شەقامی سەهۆڵەکە دەکەن، هاوژینەکەی ماڕادۆنا کە لە سلێمانی راهێنەری لەشجوانییە، دەڵێت :’هەرگیز حەز ناکەم شاری سلێمانی بەجێبهێڵم، لێرە لەم شارە زۆر ئاسوودەین’.

هێرشبەرە بەڕازیلییەکە دەشڵێت :’بە بۆچوونی من کریستیانۆ رۆناڵدۆ باشترین یاریزانی مێژووی تۆپی پێیە و من هاندەری ریال مەدریدم و هاوژینەکەشم هاندەری بارسێلۆنایە’.

ماڕادۆنا لە بەرنامەکە کۆمەڵێک نهێنی ژیانی خۆی دەدرکێنێت و باسی وێنەیەکی خۆی لەگەڵ رۆناڵدینیۆ ئەفسانەی تۆپی پێی بەڕازیلی دەکات و نهێنی نازناوەکەی خۆشی ئاشکرا دەکات.

ئەمشەو کاتژمێر 09:00 نوێترین ئەڵقەی بەرنامەی ‘سیمای کوردستان’ لە چەناڵی یوتیوب و پەیجی فەیسبووکی یاریگا بڵاو دەبێتەوە، کە بەرنامەیەکی تایبەتی تۆڕی وەرزشی یاریگا و هەر جارێک میوانداریی یاریزانێکی پیشەگەری یانەکانی کوردستان دەکات، کلاودیۆ ماڕادۆنا هێرشبەری بەڕازیلی یانەی نەورۆز میوانی ئەڵقەی ئەمجارەی سیمای کوردستانە.

بابەتی زیاتر

Back to top button