
یاریگا –
لەوانەیە بڕوا نەکەن، بەڵام ریال مەدرید و بارسێلۆنا لە دەرەوەی لیستی ئەو 10 یانەیەن کە زۆرترین پارەیان لە فرۆشتنی مافی پەخشی یارییەکانی خولە بەهێزەکانی ئەوروپا دەست دەکەوێت، یانەکانی پرێمەرلیگ زۆرترین داهاتیان دەست دەکەوێت.
رۆژنامەی مارکای ئیسپانی راپۆرتێکی ورد و درێژی لەبارەی چۆنییەتی دابەشکردنی داهاتی مافی پەخشی یارییەکانی پێنج خولە بەهێزەکەی ئەوروپا بڵاوکردووەتەوە، کە لە هەر خولێک لەو پێنج خولە پێوەر و پێودانگێکی جیاواز هەیە.
داهاتی مافی پەخشی یارییەکان وەکو ئو مریشکە وایە کە هێلکەی زێڕ دەکات، بەشێک لە یانەکان زۆربەی داهاتەکەیان بریتییە لە مافی پەخشی یارییەکان، کە لە خولێکەوە بۆ خولێکی دیکە بە شێوازێکی جیاواز داهاتەکە دابەش دەکرێت، هێشتا داهاتی مافی پەخشی یارییەکانی پرێمەرلیگ لەسەر ئاستی خولە بەهێزەکانی ئەوروپا زۆرترینە.
پرێمەرلیگ دوو هێندەی خولەکانی دیکە داهاتی مافی پەخشی یارییەکان کۆدەکاتەوە
پرێمەرلیگ بەگوێرەی گرێبەستێکی تۆڕی سکای سپۆرتس و تی ئێن تی سپۆرتس، بۆ ماوەی چوار ساڵ مافی پەخشی یارییەکانی پرێمەرلیگی بەرامبەر زیاتر لە 8 ملیار یۆرۆ فرۆشتووە، واتە داهاتی فرۆشتنی مافی پەخشی هەر وەرزێکی خولەکە زیاترە لە دوو ملیار یۆرۆ.
لالیگا مافی پەخشی یارییەکانی پێنج وەرزی بەرامبەر نزیکەی پێنج ملیار یۆرۆ بە مۆڤیستار و دازن فرۆشتووە، مافی پەخشی یارییەکانی چوار وەرزی بوندسلیگاش بە 4 ملیار و 484 ملیۆن یۆرۆ فرۆشراوەتە کەناڵەکانی سکای سپۆرتس و دازن، پێنج وەرزی سێریا ئەی بەرامبەر 4 ملیار و نیو فرۆشراوەتە کەناڵەکانی سکای سپۆرتس و دازن، پێنج وەرزی لیگا وەنیش بەرامبەر 2.5 ملیار یۆرۆ فرۆشراوەتە کەناڵەکانی بی ئین سپۆرتس و دازن.
لە پرێمەرلیگ و لالیگا چۆن داهاتی مافی پەخشی یارییەکان دابەش دەکرێت؟
لە پرێمەرلیگ پێش ئەوەی پێوەری دابەشکردنی داهاتی مافی پەخشی خولەکە بزانی، پێویستە دوو خاڵ هەیە بیزانی، لە پرێمەرلیگ تەواوی یارییەکانی یانەکان پەخش ناکرێت، دوای نیوەڕۆی رۆژانی شەممە لە کاتژمێر 2:15 تاوەکو 5:15 هیچ یارییەک لە ناوەوەی بەریتانیا ناگوازرێتەوە، واتە یارییەکانی ئەو ماوەیە لە ناوەوەی وڵات پەخش ناکرێن.
٪50ـی داهاتی پەخشی یارییەکان بە یەکسانی بەسەر هەر 20 یانەکەدا دابەش دەکرێت، ٪25ـەکەی دیکە بەگوێرەی ریزبەندیی یانەکان لە خولەکە دابەش دەکرێت و ٪25ـەکەی دیکەش بەگوێرەی ژمارەی ئەو یارییانەی پەخشکراون دابەش دەکرێط، چونکە ژمارەی یارییە پەخشکراوەکانی یانەکان وەکو یەک نین. بۆ نموونە وەرزی رابردوو 28 یاریی مانچێستەر سیتی پەخشکرا، لەکاتێکدا 31 یاریی ئارسیناڵ لە تەلەڤزیۆنەکانەوە پەخشکرا.
لە لالیگا پێوەرەکە و دۆخەکە تەواو جیاوازە، بارسێلۆنا و ریال مەدرید بە تەواوەتی داهاتی مافی پەخشی یارییەکانی خولەکەیان قۆرخ کردووە، تەنانەت پێشتر ئەو دوو یانەیە سەربەخۆ گفتوگۆیان لەبارەی فرۆشتنی مافی پەخشی خولەکان دەکرد.
ئێستا لە لالیگا ریال مەدرید و بارسێلۆنا پشکی شێریان لە داهاتی مافی پەخشی یارییەکان بەردەکەوێت، ئینجا نۆرەی یانەکانی دیکە دێت، لالیگا چەند هەنگاوێکی بۆ بەرزکردنەوەی داهاتی مافی پەخشی یارییەکانی ناوە، دەیەوێت رکابەری پرێمەرلیگ بکات.
دوای گۆڕینی کاتی یارییەکان و گونجاندنی لەگەڵ وڵاتانی ئاسیا، خەریکە داهاتی مافی پەخشی یارییەکانی لالیگا زۆرتر دەبێت، لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی داهاتی مافی پەخشی یارییەکانی لالیگا لە پرێمەرلیگ نزیک دەبێتەوە.