
یاریگا –
کارلۆ ئانچێلۆتی راهێنەری ریال مەدرید، بۆ یارییەکەی ئاتلێتیکۆ مەدرید لە چامپیۆنزلیگ بە پێکهاتەیەکی جیاواز یاریی دەکات.
شەممەی رابردوو ریال مەدرید لە یارییەکانی گەڕی 26ـی لالیگا بووە میوانی ریال بێتیس و یارییەکەی 2-1 دۆڕاند. هاندەرانی ریال مەدریدیدش کارلۆ ئانچێلۆتی بە بەرپرسیاری سەرەکی شکستەکە دادەنێن.
راهێنەرە ئیتاڵییەکە بەرامبەر بێتیس لە دڵی بەرگری بەشێوەی سەرەکی یاریی بە دەیڤد ئەلابا کرد کە تازە لە پێکان گەڕاوەتەوە و ئاستێکی خراپی پێشکەش کرد. لە خولەکی 59 گۆڕانکاری پێکرا و یاریگای جێهێشت.

بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی رێلێڤۆ، ئانچێلۆتی بۆ یاریی چوونی قۆناخی شازدەی چامپیۆنزلیگ بەرامبەر ئاتلێتیکۆ مەدرید بەشێوەی سەرەکی پشت بە راوول ئاسێنسیۆ دەبەستێت، کە بەرگریکارە لاوەکە لە یاریی بەرامبەر بێتیس لەسەر کورسی یەدەک بوو.
لەلایەکی دیکە ئەمڕۆ چارەنووسی فێدێریکۆ ڤالڤێردی بۆ یارییەکە یەکلایی دەبێتەوە، ڤالڤێردی دوێنێ بەتەنیا مەشقی کردووە، ئەگەر ئەمڕۆ بگەڕێتەوە مەشقە بەکۆمەڵەکان ئەوا بەرامبەر ئاتلێتیکۆ مەدرید بەشێوەی سەرەکی یاریی دەکات.
بەڵام ئەگەر ڤالڤێردی ئامادە نەبێت، بەهۆی ئامادەنەبوونی جود بێڵینگهامیش پێشبینی دەکرێت ئانچێلۆتی بەرامبەر رۆخی بلانکۆس پشت بە ئاردا گولەر ببەستێت.
سبەی سێشەممە، کاتژمێر 23:00 بەکاتی هەولێر ریال مەدرید لە یاریگای سانتیاگۆ بێرنابیۆ لە یاریی چوونی قۆناخی شازدەی چامپیۆنزلیگ میوانداری ئاتلێتیکۆ مەدرید دەکات.
