
یاریگا –
کریستیانۆ رۆناڵدۆ بە هۆکاری ئەمنی گەشتی تاران ناکات.
دوای نزیکەی دوو هەفتە لە ئامادەنەبوونی کریستیانۆ رۆناڵدۆ لەگەڵ شاندی نەسڕ بۆ یاریی بەرامبەر پێرسپۆلیس لە هەفتەی کۆتایی چامپیۆنزلیگی ئاسیا، ئێستا هەواڵێک هەیە کە ئەستێرە پۆرتوگالییەکە هیچ ئارەزوویەکی بۆ یاریکردن بەرامبەر ئیستقلال لە قۆناخی پێش کۆتایی ئەم پاڵەوانێتییەدا نییە، هەرچەندە لە سەرەتادا هەواڵەکان ئاماژەیان بەوە دەکرد کە کریستیانۆ لەگەڵ یانەکەی گەشتی تاران دەکات، تەنانەت یانەی ئیستقلال ئامادەبوونی ئەستێرەکەی لە ئێران پشتڕاستکردبووەوە.
بەڵام لە 24 کاتژمێری رابردوودا رۆژنامەنووسانی دیاری سعودی ئاشکرایان کرد کە ئەو هێرشبەرە پورتوگالییە هیچ ئارەزووی گەشتکردنی نییە و بەهۆی پێکانەوە لە یاری چارەکی کۆتایی تیپەکەی بەشداری ناکات.
لەماوەی 24 کاتژمێری رابردوو چەندین سەرچاوەی بەناوبانگی جیهان، وەک سپۆرت میدیاسێت، کۆریێر دێلا سپۆرت، لا ریپۆبلیکا، هەواڵێکیان سەبارەت بە ئەگەری سزادانی رۆناڵدۆ لە تاران بڵاوکردەوە، ئەمەش زۆر کەسی تووشی سەرسوڕمان کردووە.
چیرۆکەکە کاتێک دەستی پێکرد کە پارێزەرێکی یاسایی ساڵی رابردوو ڤیدیۆیەکی سەیر و سەمەرەی بڵاوکردەوە، دوای گەشتەکەی رۆناڵدۆ لە تاران، کە ئەستێرە پورتوگالییەکە ئەگەری هەیە بە لێدانی 100 جەلدە سزا بدریت دوای ئەوەی سەری خانمە هونەرمەندێکی خاوەن پێداویستی تایبەتی ماچ کردبوو.
ئیستا پێگەی وەرزش3ـی ئێرانی، ئەم هەواڵانە بە درۆ دەخاتەوە و ئاماژە بەوە دەکات کە هەموو ئەو دەنگۆیانە پڕوپاگەندەن و ئەم پارێزەرە تەنیا بۆ بەناوبانگ بوون و لایک و کۆمێنت ئەم چیرۆکەی هەڵبەستووە. تەنانەت لە خەیاڵی هیچ مرۆڤێکدا نییە کە کریستیانۆ رۆناڵدۆ لە تاران رووبەڕووی سزایەکی لەو شێوەیە ببێتەوە. رووداوەکانی 24 کاتژمێری رابردوو تەنیا لەسەر بنەمای گواستنەوەی هەواڵی ساختە و ناڕاست بووە.