
یاریگا –
لەبەر ئەوەی هێشتا بلاجکتۆرەکانی یاریگای نەروۆز ئامادە نین، یاریی داهاتووی نەورۆز لە یاریگای خۆی بەرامبەر جەوییە بە رۆژ دەکرێت.
بەگوێرەی بەدواداچوونێکی تۆڕی وەرزشی یاریگا، هێشتا بلاجکتۆرەکانی یاریگای نەورۆز ئامادە نین، گەرچی دەست بە دانانی بلاجکتۆرەکان کراوە، بەڵام هێشتا سیستەمی رووناکی یاریگای نەورۆز تەواو نەبووە و ناتوانرێت بەگوێرەی ستانداردی پێویست یاریگاکە لە شەودا رووناک بکرێتەوە، بۆیە یارییەکەی قوە جەوییە بە رۆژ دەکرێت.
گەرچی وابڕیاربوو یارییەکانی داهاتووی نەورۆز لە مانگی رەمەزان بە شەو بکرێن، بەڵام یاریی نەورۆز و قوە جەوییە تاکە یاریی دەبێت لە گەڕی بیست و سێیەمی خولی ئەستێرەکانی عێراق بە رۆژ بەڕێوە بچێت.
نەورۆز لە گەڕی بیست و سێیەمی خولی ئەستێرەکانی عێراق کاتژمێر 15:00 لە یاریگای خۆی میوانداریی قوە جەوییە دەکات، لەکاتێکدا پێشتر وابڵاوکرایەوە ئەو یارییە بە شەو بەڕێوە دەچێت.
کۆتایی ساڵی رابردوو بەفەرمی یاریگای نەورۆز کرایەوە کە شوێنی 15 هەزار هاندەر دەگرێت و موڵکی یانەی نەورۆزە و ئەو یاریگایە سەرنجی هەموو عێراقی راکێشاوە و لە زۆربەی یارییەکان پڕهاندەرە.