
یاریگا –
یوڤێنتۆس دەیەوێت لە کۆتایی ئەم وەرزە بڕیاری دوورخستنەوەی تیاگۆ مۆتا بدات و لە ئەرکی راهێنەرایەتی یانەکەی دووری بخاتەوە، پێنج راهێنەر بەربژێرن بۆ ئەوەی هاوینی داهاتوو شوێنی راهێنەرەکەی بیانکۆنێری بگرنەوە.
رۆژنامەی لاگازێتا دیلۆ سپۆرتی ئیتاڵی ئاشکرایکردووە، بەرپرسانی یوڤێنتۆس بڕیاریان داوە هاوینی داهاتوو تیاگۆ مۆتا لە ئەرکی راهێنەرایەتی یانەکەیان دووربخەنەوە، کە بەگوێرەی رۆژنامە ئیتاڵییەکە دوورخستنەوەی مۆتا لە پۆستەکەی نزیکەی 20 ملیۆن یۆرۆ لەسەر یوڤی دەکەوێت، کە هاوینی رابردوو بۆ ماوەی سێ ساڵ گرێبەستی لەگەڵ یوڤێنتۆس واژۆ کرد.
A meno di un crollo verticale improvviso, la #Juventus valuterà l’operato di #ThiagoMotta a fine stagione. Si dovesse decidere per la separazione, ci sarebbe un altro allenatore già al Mondiale del Club estivo.
— Giovanni Albanese (@GiovaAlbanese) March 1, 2025
رۆژنامەی لاگازێتا دیلۆ سپۆرت راشیگەیاندووە، هەریەکە لە ئەنتۆنیۆ کۆنتی، جیان پیێرۆ گاسپێرینی، ئیگۆر تودۆر و رۆبێرتۆ مانسینی بەربژێرن بۆ ئەوەی شوێنی مۆتا بگرنە ئەستۆ، کە دوای ئەوەی یوڤی لە پاشکۆی قۆناخی 16 ماڵئاوایی لە چامپیۆنزلیگ کرد و لەسەر دەستی ئایندهۆڤن کرایە دەرەوە، لە قۆناخی چارەکی کۆتایی جامی ئیتاڵیا بەرامبەر ئیمپۆلی شکستیهێنا و کرایە دەرەوە، ئەوانەی داوای دوورخستنەوەی مۆتا دەکەن زۆرتر بوون.
رۆژنامە ئیتاڵییەکە ئاشکرایکردووە، راهێنەرێکی نوێ لە مۆندیالی یانەکان راهێنەرایەتی یوڤی دەکات، کە رۆژی 15ـی یونیۆ/حوزەیران مۆندیالی یانەکان لە ئەمریکا دەستپپێدەکات، یوڤی لە کۆمەڵەی حەفتەم بەرامبەر عەینی ئیماراتی، ویداد بەیزاوی مەغریبی و مانچێستەر سیتی ئینگلیزی یاریی دەکات، رۆژی 19ـی یونیۆ/حوزەیران یەکەم یاریی خۆی لەو پاڵەوانێتییە بەرامبەر عەین دەکات.
یاریزانەکان متمانەیان بە تیاگۆ مۆتا نەماوە
رۆژنامەی کۆرێری دێلا سێرای ئیتاڵی رایگەیاندووە، پەیوەندی نێوان تیاگۆ مۆتا و بەشێک لە یاریزانەکان ساردوسڕی تێکەوتووە، خەریکە بە تەواوەتی بەشێک لە یاریزانانی یوڤی متمانەیان بە راهێنەرەکەیان نامێنێت.
رۆژنامە ئیتاڵییەکە لێدوانی یاریزانێکی بڵاوکردووەتەوە بەبێ ئەوەی ناوی ئاشکرا بکات و دەڵێت :’چیدیکە من ناتوانم بەرگەی مۆتا بگرم، من بە تەنیا نیم، چەندان یاریزانی دیکەش هەن ناتوانن بەرگەی تیاگۆ مۆتا بگرن، نازانی پێشبینی چی بکەی، لە یاریزانی سەرەکییەوە ببیتە یاریزانێکی یەدەک و بۆ ماوەی 90 خولەک لەسەر کورسی یەدەک دابنیشی’.
پێشتریش چەند یاریزانێکی دیکە گلەییان لە هەڵسوکەوت و بڕیارەکانی مۆتا گرتووە، خەریکە ئەو راهێنەرە ئیتاڵییە بە تەواوەتی جلەوی ژووری جلگۆڕینی لەدەست نامێنێت.
مۆتا لەوەتەی بووەتە راهێنەری یوڤی، لە 39 یاری 17 گۆڵ و 16 ئەسیست و 6 دۆڕانی بەدەستهێناوە، یوڤی لەم وەرزەی سێریا ئەی لە 26 یاری 49 خاڵی بەدەستهێناوە و لە پلەی چوارەم دێت.