فەرمی؛ بارسێلۆنا رۆیشتنی یاریزانێکی دیکەی راگەیاند
"گەڕایەوە نیشتیمان"

یاریگا –
بەفەرمی بارسێلۆنا پەیوەندیکردنی یاریزانی لاوی بەڕازیلی، ڤیتۆر رۆکی بە پاڵمێراس راگەیاند.
ماڵپەڕی فەرمی بارسێلۆنا بڵاویکردووەتەوە، لەگەڵ پاڵمێراس گەیشتوونەتە رێککەوتنی کۆتایی و ڤیتۆر رۆکی بەشێوەیەکی یەکجاری بارسێلۆنا جێدەهێڵێت و پەیوەندی بە یانە بەڕازیلییەکە دەکات.
پاڵمێراس لەپێناو گواستنەوەی پڵینگە بەڕازیلییەکە 25 ملیۆن یۆرۆ بە بارسێلۆنا دەدات و رۆکیش بۆ ماوەی 5 وەرزی داهاتوو درێسی یانە نوێیەکەی دەپۆشێت.
Acuerdo para el traspaso de 𝗩𝗶𝘁𝗼𝗿 𝗥𝗼𝗾𝘂𝗲
— FC Barcelona (@FCBarcelona_es) February 28, 2025
یاریزانە 19 ساڵانییەکە لە زستانەی 2024 بەبڕی 30 ملیۆن یۆرۆ لە ئاتلێتیکۆ پاراناینسێی بەرازیلییەوە پەیوەندی بە بارسێلۆنا کرد. بەڵام لەگەڵ یانە کاتالونییەکە سەرکەوتوو نەبوو. تەنیا 353 خولەک دەرفەتی یاریکردنی پێدرا و 2 گۆڵی کرد.
لە مێرکاتۆی هاوینەی رابردوو بەشێوەی خواستن پەیوەندی بە ریال بێتیس کرد. رۆکی لەسەرجەم پاڵەوانێتییەکان 33 یاریی بۆ ریال بێتیس کردووە. 7 گۆڵی کردووە و 2 گۆڵیشی دروستکردووە. بەڵام بەهۆی ئۆفەرەکەی پاڵمێراس، گرێبەستەکەی لەگەڵ یانە ئیسپانییەکە هەڵوەشاندەوە.
ڤیتۆر دوای جێهێشتنی بارسێلۆنا ئاشکرایکرد بەهۆی ئەو فشارە زۆرەی لەسەری بووە بیری لەوەکردووەتەوە راستەوخۆ بگەڕێتەوە بەرازیل و ئەوروپا جێبهێڵێت.
هەرچەندە لەگەڵ ریال بێتیس هەستی بە ئاسوودەیی دەکرد، بەڵام لەکۆتاییدا بیرۆکەی گەڕانەوەی بۆ وڵاتەکەی پەسەندکرد و دوای وەرزێک ئەوروپای جێهێشت.