ئانچێلۆتی بە توندی وەڵامی داواکارییەکانی ئێندریک و گولەر دەداتەوە
''دەزانم رکابەرییەکی زۆر توند لەسەر یارییکردن لە پێکهاتەی سەرەکیدا هەیە''

یاریگا –
کارلۆ ئانچێلۆتی، راهێنەری ریال مەدرید بۆ یەکەمجارە وەڵامی بەراوردکارییەکانی نێوان ئێندریک و ڤینیسیۆس جونیۆر دایەوە.
ئێندریک و ئاردا گولەر، لەم وەرزەدا بەشدارییەکانیان سنووردارە، ئەمەش بەهۆی ئامادەبوونی ئەستێرەی وەکو کیلیان ئێمباپێ، ڤینیسیۆس جونیۆر، رۆدریگۆ و جود بێڵینگهام.
لەبارەی زۆربوونی گومانەکان لەسەر بەردەوامبوونی گولەر و ئێندریک لە ریال مەدرید، کارلۆ ئانچێلۆتی بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند
ئێندریک نابێتە رۆدریگۆ و ڤینیسیۆس جونیۆر، بەڵکو خۆی دەبێتە هێرشبەرێکی زۆر گەورە. ئێندریک ئێستا هیچ کێشەیەکی نییە، با بزانین چی روودەدات.
هەر یاریزانێک نیگەرانی یاخود گومانی هەبێت، با راستەوخۆ قسە لەگەڵ من بکات. رۆژانە قسە لەگەڵ یاریزانانی لاوی وەکو ئێندریک و گولەر دەکەم. لە رۆژنامەکان خوێندوومەتەوە، کێشەم لەگەڵ گولەر هەیە، بەڵام من ئاگاداری شتێکی لەمشێوەیە نیم. رکابەری لەسەر شوێنی سەرەکی لە ئاستێکی زۆر بەرزدایە.
رۆژانە لەگەڵ ئەم یاریزانە لاوانەم، راستە هەندێکجار دڵخۆشن و هەندێکجاریش نیگەران دەبن. ئەمە شتێکی زۆر ئاساییە. دەمەوێت ئەو یاریزانانەی یاریی ناکەن، بەردەوام تووڕە بن.
ئەمشەو ریال مەدرید لە قۆناخی پێشکۆتایی جامی شای ئیسپانیا دەبێتە میوانی ریال سۆسیداد.