
یاریگا –
ئێمباپێ بەهۆی ددانئێشە بەشداریی راهێنانەکانی ئەمڕۆی ریال مەدرید ناکات.
کیلیان ئێمباپێ هێرشبەری ریال مەدریدی ئیسپانی لە مەشق و راهێنانەکانی ئەمڕۆی یانەکەی نابینرێت، بەگوێرەی زانیارییەکانی رادیۆی کادێنا کۆپی ئیسپانی ئەو هێرشبەرە فەڕەنسییە بەهۆی ددانئێشەوە لە راهێنانەکانی یانەکەی دابڕاوە.
رادیۆی کادێنا کۆپی ئیسپانی ئاشکرایکردووە، کیلیان ئێمباپێ دوێنێ ددانی دەرهێناوە، بۆیە لە مەشق و راهێنانەکانی ئەمڕۆی یانەکەی ئامادە نەبوو، لەکاتێکدا سبەی ریال مەدرید لە یاریی چوونی قۆناخی پێش کۆتایی جامی شای ئیسپانیا دەبێتە میوانی ریال بێتیس.
رۆژنامەی مارکای ئیسپانی ئاشکرایکردووە، کیلیان ئێمباپێ بەشداریی یارییەکەی سبەی ناکات و پشوو دەدات، ئێندریک شوێنی دەگرێتەوە و سەرکردایەتی هێلی هێرشبردنی مێرەنگی دەکات لەو یارییە.
جگە لە ئێمباپێ، تیبۆ کۆرتواش بەشداریی راهێنانەکانی یانەکەی نەکرد، کە وابڕیارە کارلۆ ئەنچیلۆتی بۆ یارییەکەی سبەی پشوو بە تیبۆ کۆرتوا و فێدریکۆ ڤالڤێردیش بدات و بانگهێشتی یارییەکەیان نەکات.