رکابەرێکی گەورە بۆ سعوودیەکان دروستبوو لە گواستنەوەی سەڵاح

یاریگا –
رکابەرێکی نوێ بۆ گواستنەوەی محەمەد سەڵاح هاتووەتەپێشەوە و چیتر گۆرەپانەکە بۆ سعوودییەکان چۆڵ نییە لە پەلکێشكردنی ئەو یاریزانەدا.
لەگەڵ ئەوەی کۆتا وەرزی گرێبەستەکەی لەگەڵ لیڤەرپوول بەڕێدەکات، بەڵام ئەستێرە میسڕییەکە باشترین ماوەکانی پیشەگەرێتی خۆی بەڕێدەکات بەجۆرێک ژمارەکانی تا ئەم وەرزەی پرێمەرلیگ وەک یەکێک لە پاڵێوراوەکانی باڵۆن دۆری داهاتوو پیشانیدەدەن.
بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی فیچاخێس، ئێستا یانەی بایرن میونشن خۆی ئامادەدەکات بۆ رکابەرایەتیکردنی سعوودییەکان لە بەدەستهێنانی واژۆی هێرشبەرەکە.
باڤارییەکان چاودێری دۆخەکە دەکەن و لە ئەگەری نوێنەکردنەوەی گرێبەستەکەی، ئەوا لەو یاریزانە دەچنەپێشەوە.
ژمارەکانی یاریزانە 32 ساڵانەکە لەژێر سەرپەرشتی ئارنە سڵۆتدا سەرسوڕهێنەرن. لە 38 یاریی سەرجەم پاڵەوانێتیەکاندا توانیویەتی 30 گۆڵ تۆماربکات لەگەڵ 21 ئەسێست.
ئەوەی مایەی سەرسوڕمانە، تا ئێستا و بەگوێرەی دوایین لێدوانەکانی خودی سەڵاحیش بێت تا ئێستا ئاماژەیەکی روون نییە لەلایەن کارگێڕی رێدزەوە بۆ هێشتنەوەی ئەو ناوبراو لە ئانفیڵد.