لیڤەرپوول و ئارسیناڵ ململانێ لەسەر گەوهەرێکی نەرویجی دەکەن
چەند رۆژێکی داهاتوو یەکلاکەرەوە دەبێت

یاریگا –
بەهرەمەندێکی نەرویجی سەرنجی گەورەکانی پرێمەرلیگی راکێشاوە ململانێ لەسەر گواستنەوەی دەکەن.
ماڵپەڕی فیچاخێس بڵاویکردووەتەوە، لیڤەرپوول و ئارسیناڵ کێبڕکێ لەسەر بەدەستهێنانی تواناکانی سڤێری نیپانی 18 ساڵان و ناوەڕاستکاری یانەی رۆزنبۆرگی نەرویجی دەکەن.
بەگوێرەی هەمان سەرچاوە، لیڤەرپوول هەنگاوەکانی بۆ گواستنەوەی گەوهەرە نەرویجییەکە خێراترکردووە و دەیەوێت یاریزانەکە لەچنگی ئارسیناڵ دەربهێنێت.
گەنەرز ماوەیەکی زۆرە چاودێری سڤێری دەکات، بەڵام هەوڵەکانی لیڤەرپوول چڕترن. پێدەچێت لە چەند رۆژی داهاتوو چارەنووسی یاریزانەکە یەکلایی بکرێتەوە و یەکێک لە دوو گەورەکەی ئینگڵتەڕا تواناکانی بەدەستبهێنێت.
جیا لەو دوو یانەیەش، جیرۆنای ئیسپانیش چاوی لەسەر ناوەڕاستکارە لاوەکەیە، بەڵام بژاردەی یاریکردن بۆ یانەیەکی بەهێزی پرێمەرلیگ لەلای نیپان سەرنجڕاکێشترە.
سڤێری نیپان تاوەکو ئێستا 73 یاریی فەرمی کردووە. 15 گۆڵی کردووە و 11 گۆڵیشی دروستکردووە. یەکێکە لە بەتواناترین یاریزانە لاوەکانی ئێستای ئەوروپا و وەک ناوەڕاستکاری هێرشبەریی یاریی دەکات.