
یاریگا –
فلۆرێنتینۆ پێرێز واز ناهێنێت و لە هەڵمەتەکەی بەرامبەر ناوبژیوانانی لالیگا بەردەوامە، بۆ یارییەکەی ئەمڕۆ داوایەکی لە هاندەرانی یانەکەی کردووە.
تۆڕی وەرزشی ریلیڤۆی ئیسپانی ئاشکرایکردووە، فلۆرێنتینۆ پێرێز سەرۆکی یانەی ریال مەدرید لەسەر هەڵمەتەکەی لەدژی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیسپانیا بەردەوامە و سارد نابێتەوە، دەیەوێت تاوەکو دوایین خاڵ بڕوات، داوای لە هاندەرانی یانەکەی کردووە لە خولەکی 12ـی یارییەکەی ئەمڕۆیان بەرامبەر جیرۆنا بەیەکەوە هاوار بکەن ‘گەندەڵی لە فیدراسیۆن هەیە’.
پێشتر ریال مەرید هەمیشە دژی ئەو جۆرە دروشمانەی هاندەران بوو، بەڵام ئەمجارەی خلۆی داوایان لێ دەکات لە یارییەکەی ئەمڕۆ دروشمی گەندەڵی لەدژی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیسپانیا بڵێنەوە، چونکە بەرپرسانی ریال مەدرید بڕوایان وایە لەلایەن ناوبژیوانانەوە دژایەتییان دەکرێت و مامەڵەیەکی دادپەروەرانەیان لەگەڵ ناکرێت.
El Real Madrid pide a la grada que en el minuto 12 cante “Corrupción en la Federación”.
▪️ Anteriormente, el club blanco se mostraba contrario a que su hinchada entonase este tipo de cánticos, pero ahora ya les insta a ello.
✍️ @Rodra10_97https://t.co/86flJ1LvsD
— Relevo (@relevo) February 22, 2025
ریال مەدرید لەو چەند یارییەی رابردوویدا لە لالیگا گلەیی لە ناوبژیوانانی یارییەکانی هەبوو، بەتایبەتی لە یارییەکەی ئۆساسۆنا ناڕەزایەتییەکانی مەدریدییەکان گەیشتە لوتکە، کاتێک جود بێڵینگهام لەلایەن مونوێرا مونتێرۆ ناوبژیوانی یارییەکەوە بە کارتی سوور کرایە دەرەوە.
دوای ئەوەی بێڵینگهام بۆ دوو یاریی سڕکرا و تانەکەی ریال مەدرید لەو کارتە سوورەی ناوەڕاستکارە ئینگلیزییە رەتکرایەوە، فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیسپانیاش لەبارەی ئەو فایڵانەی لەلایەن میدیاکانەوە لەبارەی مونوێرا مۆنتێرۆ ناوبژیوانی ئیسپانییەوە هەڵدرانەوە، بێتاوانی ناوبژیوانەکەی سەلماند و رەتیکردەوە هیچ سەرپێچییەکی یاسایی کرد بێت، وادیارە ریال مەدرید نایەوێت خۆی بەدەستەوە بدات و لە هەڵەمەتەکەی لەدژی فیدراسیۆنی ئیسپانیا بەردەوام دەبێت.
ئەمڕۆ ئێوارە کاتژمێر 06:15 ریال مەدرید لە یاریگای سانتیاگۆ بێرنابیۆ لە گەڕی بیست و پێنجەمی لالیگا میوانداریی جیرۆنا دەکات، کە پێش ئەم یارییە مێرەنگی بە جیاوازیی سێ خاڵ لەدوای بارسێلۆنای پێشەنگی خولەکە دێت.