
یاریگا –
ئەمڕۆ لە یاریی لووتكەی هەفتەی 26ی پرێمەرلیگ مانچێستەر سیتی لە یاریگای خۆیدا میوانداری لیڤەرپوول دەكات.
وابڕیارە ئەمڕۆ یەكشەممە كاتژمێر 19:30 بە كاتی كوردستان مانچێستەر سیتی لە یاریگای ئیتیحادی تایبەت بە خۆی میوانداری لیڤەرپوول بكات، لە میانی یارییەكانی گەڕی 26ی پرێمەرلیگ.
پڕۆفایلی یاری

هەفتەی پێشوو لیڤەرپوول لە یاریگای ڤیلا پارك بەرامبەر ئاستۆن ڤیلا بە دوو گۆڵ یەكسان بوو دوو خاڵی گرنگی لەدەستدا، بەڵام ئارسیناڵی خاوەن ریزبەندی دووەمی پرێمەرلیگ نەیتوانی سوود لەو دەرفەتە وەربگرێت و لە یاریگای خۆیدا بەرامبەر وێستهام تووشی شكست هات.
لەم وەرزەی پرێمەرلیگدا مانچێستەر سیتی بە بارودۆخێكی سەختدا تێدەپەڕێت بەجۆرێک لە ریزبەندی چوارەمی پرێمەرلیگ دێت.
هەفتەی رابردوو لە یارییەكانی پلەی ئۆفی چامپیۆنزلیگ مانچێستەر سیتی لەسەر دەستی ریال مەدریدی پاشای پاڵەوانیەتیەكە كرایە دەرەوە و ماڵئاوایی لە یارییەكانی ئەم وەرزەی چامپیۆنزلیگ كرد.
مانچێستەر سیتی لەم وەرزەی پرێمەرلیگدا لە كۆی 25 یاریی لە 13 یاریی براوە بووە، پێنج یاریی یەكسان بووە و حەوت یارییش دۆڕاوە.
بە كۆكردنەوەی 44 خاڵ لە ریزبەندی چوارەمی پرێمەرلیگ دێن.
لە بەرامبەردا لیڤەرپوول لە كۆی 26 یاریی لە 18 یاریی براوە بووە 7 یارییش یەكسان بووە و یارییەك دۆڕاوە.
بە كۆكردنەوەی 61 خاڵ لە پێشەنگی ریزبەندی پرێمەرلیگ دێت.
هەردوو یانە لە مێژوودا 193 جار رووبەڕووی یەک بوونەتەوە، لیڤەرپوول 91 یاریی بردووەتەوە، مانچێستەر سیتی 52 یاریی و لە 50 یاریی یەكسان بوون.
لیڤەرپوول توانیوویەتی 342 گۆڵ بكات و مانچێستەر سیتیش 271 گۆڵ.
هەواڵی پێكانی یاریزانەكان
مانچێستەر سیتی بە بێ مانویێل ئاكانجی، جۆن ستۆنز، رۆدری و ئۆسكار بۆب رووبەرووی رێدز دەبێتەوە.
لەبەرامبەردا لیڤەرپوول بە بێ جۆ گۆمێز و كۆدی خاكپۆ رووبەرووی تیمەكەی پێپ گواردیۆلا دەبێتەوە.
پێکهاتەی پێشبینیکراوی مانچێستەر سیتی
ئێدەرسن
ڤاردیۆڵ، ئاكێ، دیاس، لێویس
نیكۆ كۆنزالێس، كۆڤاسیچ
فۆدن، مەرمووش، ساڤیۆ
هالاند
پێکهاتەی پێشبینیکراوی لیڤەرپوول
ئالیسن
ئارنۆڵد، كۆناتێ، ڤان دایك، رۆبێرتسن
گراڤنبێرخ، ماك ئالیستەر
سەڵاح، سۆبۆسلای، دیاز
جۆتا