ئینگلتەرایاریگا

ئامۆریم بە دوای شوێنگرەوەی ئۆنانادا دەگەڕێت

Yariga App

یاریگا –

رۆبن ئامۆریم، راهێنەری مانچێستەر یونایتدی ئینگلیزی، بە دوای جێگرەوەیەک بۆ ئۆنانای گۆڵپارێزی تیمەکەی لە وەرزی 2025/2026 دەگەڕێت.

راهێنەرە پورتوگالییەکە، لەدوای جێهێشتنی سپۆرتینگ لیسبۆن و گواستنەوەی بۆ ئۆڵدترافۆرد لە مانگی نۆڤەمبەردا سەرەتایەکی زۆر سەختی هەبووە. ئێستا ئامۆریم بەنیازە لەم هاوینەدا بە تەواوی چاکسازی لە پێکهاتەی تیپەکەدا بکات، گۆڕانکاری گەورە بە وەبەرهێنانی زۆر و تەنانەت وەرگرتنی یاریزان لە تیپی پێشووی. بێگومان ئەم راهێنەرە نوێیە سەرەتا دەبێت دەستبەرداری ژمارەیەک یاریزانی ئێستای ببێت و مووچەی یاریزانە مووچە بەرزەکان کەم بکاتەوە.

دەنگۆکان باس لەوە دەکەن کە ئامۆریم لە ئاستی خراپ و هەڵەکانی ئۆنانا هەروەها توانای گونجاندنی لەگەڵ شێوازی تاکتیکی نوێی تیپەکەدا ناڕازییە. هەر لەبەر ئەم هۆکارەش ​​ناوی “خوان موسۆ” وەک یەکێک لە بژاردەکان بۆ جێگرەوەی ئونانا ئاماژەی پێکراوە. ئەتلەتیکۆ مەدرید هێشتا دڵنیا نییە کە ئایا گۆڵپارێزە ئەرجەنتینییەکە بۆ داهاتوو لە مەدرید دەهێڵێتەوە یان نا.

مۆسۆ لە سەرەتای وەرزی 2024/2025 لە ئاتلانتاوە بە خواستن پەیوەندی بە ئەتلەتیکۆ مەدریدەوە کرد، بەڵام یان ئۆبلاک وەک هەڵبژاردەی یەکەمی دیێگۆ سیمیۆنی مایەوە. ئەتلەتیکۆ لە گرێبەستەکەی مۆسۆدا بڕگەی کڕینی هەمیشەیی هەیە، بەڵام سیمیۆنی تا ئێستا بڕیاری کۆتایی نەداوە و یانە ئیتاڵیەکەش بیر لە فرۆشتنی دەکاتەوە.

بەپێی راپۆرتێکی فیچاخێس، مانچێستەر یونایتد چاودێری دۆخی گۆڵپارێزە تەمەن 30 ساڵانەکە دەکات. مۆسۆ لەم وەرزەدا ئاستێکی زۆر باشی پێشکەش کردووە لەو چەند خولەکەی کە یاریی کردووە، لە تاکە یاری لالیگادا بەرامبەر ئەتلەتیک بلباو لە مانگی ئابی رابردوودا گۆڵەکەی بە خاوێنی هێشتەوە و هەروەها لە پێنج یاریدا لە جامی شای ئیسپانیا تەیا گۆڵێکی لێکراوە یانەکەشی گەیشتووەتە قۆناغی پێش کۆتایی پاڵەوانێتییەکە.

مانچێستەر یونایتد تەنیا بە نزیکەی پێنج ملیۆن یۆرۆ دەتوانێت گۆڵپارێزە ئەرجەنتینییەکە بکڕێت، بەمەرجێک ئامۆریم لە چەند مانگی داهاتوودا رێوشوێنی فەرمی بۆ گواستنەوەی بگرێتەبەر.

بابەتی زیاتر

Back to top button