
یاریگا –
وێڕای سەرکەوتنیان لە خولی ئەستێرەکانی عێراق بەرامبەر دیالا، راهێنەری نەورۆز یارییەکەی بە یارییەکی قورس ناوبرد.
لە گەڕی 21ـی خولی ئەستێرەکانی عێراق، نەورۆز لە دەرەوەی یاریگای خۆی بە ئەنجامی 4 _ 1 لە دیالای بردەوە، سەرەڕای یارینەکردنی کلاودیۆ مارادۆنا و ئاسۆ رۆستەمی هێرشبەر و محەمەد دلاوەری کاپتنی تیپەکە، نەورۆز سەرکەوتنێکی گەورەی تۆمار کرد.
دوای یارییەکە قەحتان جەسیر راهێنەری سوورپۆشەکانی سلێمانی باسی ئاست و ئەنجامی یارییەکەی کرد و گوتی:
پیرۆزبایی لە یاریزانان و دەستەی کارگێڕی و هاندەران دەکەم، کۆمەڵێک یاریزانی باشمان کۆکردۆتەوە کە دەتوانین ئەم وەرزە ئەنجامی دڵخۆشکەر بەدەست بهێنین، یارییەکەی بەرامبەر دیالا بۆ ئێمە قورس بوو چونکە ئەو تیپە دەیەوێت خۆی لە کۆتایی ریزبەند دەرباز بکات، بۆیە یارییکردن بەرامبەر ئەو جۆرە تیپانە زەحمەتە، سەرەڕای یارینەکردنی چەند یاریزانێکی سەرەکی بەڵام توانیمان سێ خاڵی گرنگ وەربگرین.
بەم سەرکەوتنە نەورۆز لە ریزبەندی 12ـەوە هاتە ریزبەندی 10ـەیەم، گەڕی داهاتووش لە دەرەوەی یاریگای خۆی بەرامبەر گەڕمە یاریی دەکات، بەڵام خولی ئەستێرەکانی عێراق دەوەستێت و یاریی جامی عێراق بەرێوەدەچێت.