
یاریگا –
بایرن میونشن بە بۆنەی 125 ساڵەی دامەزراندنی یانەکە درێسێکی سەرنجڕاکێش و جیاوازی نمایش کرد.
بایرن میونشن بە هاوکاری ئەدیداس درێسێکی جیاواز و تایبەتی بۆ ئاهەنگ گێڕانی 125 ساڵەی یانەکە دیزاین کردووە کە سەرنجی زۆرێک لە هاندەرانی تیپەکەی بۆ لای خۆی راکێشاوە. دیزاینی ئەم درێسە سێ یاریگای گرنگی بایرن میونشنی لە مێژووی یانەکەدا لەخۆدەگرێت. دروشمی ئەم درێسە بریتییە لە یانەیەک، تیشێرتێک، ماڵێک – ئەو شتانەی کە ئەفسانە دروست دەکەن.
جگە لەوەش لە یادی 125 ساڵەی باڤارییەکان دوای ئەوەی ئەندامانی یانەکە لە کۆبوونەوەی گشتی بڕیاریاندا کە ژمارە 5ـی ئایکۆنی فرانز بێکنباوەر چیتر هیچ یاریزانێک لەبەری نەکات، ئەو ژمارە ئەفسانەییە لەسەر پشتی درێسەکە بۆ رێزلێنان لە ئەفسانەکە نەخشێندراوە.
ماڵپەڕی فەرمی یانەکە لەبارەی نمایشی درێسەکە دەڵێت:
“لەو کاتەوەی یانەکە لە 27ی شوباتی 1900 دامەزراوە، بایرن میونشن خەریکی بنیاتنانی ئەفسانە و یەکخستنی خەڵک بووە”. یانەیەک کە رەگ و ریشەی لە چەمکی باڤاریای “میا سان میا”دا هەیە، ئیلهامبەخشە بۆ ملیۆنان کەس لە سەرانسەری جیهاندا. درێسی ساڵیاد، هێمای مێژوو و ئێستای یانەکەیە و ئەوانەی لەبەری دەکەن، جا یاریزان یان هاندەر، لە داهاتوو مێژووی نوێ پێدەنوسنەوە”.
ئەم درێسە بە رەنگی سوور بە وردەکاری زێڕین لۆگۆی ئادیداسی لەسەرە، بە وردی دیزاین کراوە و وردەکارییەکانی رەگ و ریشەی قووڵی لە مێژووی یانەکەدا لەگەڵ دیمەنێکی مۆدێرن و لە هەمان کاتدا کلاسیک تێکەڵ دەکات. جگە لەوەش نیشانەیەکی تایبەتی 125 ساڵیادی یانەکە لەسەر سنگی درێسەکە نەخشێندراوە.
درێسەکە بۆ یەکەمجار لەلایەن تیپی یەکەمی پیاوانی بایرن بەرامبەر بۆخوم لە یاریگای ئەلیانز ئارێنا لە 8ی ئازار لەبەردەکرێت و تیپی ئافرەتانی بایرن میونشنیش لە یارییەکی چارەنووسسازدا بەرامبەر ڤۆڵفسبورگ لە 14ی ئازاردا درێسەکە دەپۆشن.
داهاتی فرۆشتنی درێسەکە دەبەخشرێتە رێکخراوی خێرخوازی FC Bayern Hilfe eV. هەروەها بۆ ئاهەنگ گێڕان بە بۆنەی نمایشی درێسەکە، لە 20 تا 23ی شوبات پێشبڕکێیەک بەڕێوەدەچێت، کە تیایدا ئۆتۆمبێلی ئاودی A1 بە دیزاینێکی تایبەت لەسەر بنەمای درێسی ساڵیادەکە خەڵات دەکرێت.