تیاگۆ مۆتا دوای شکستەکە: بڕیارەکانی من هەڵە نەبوون!

تیاگۆ مۆتا راهێنەری یوڤێنتۆس روونکردنەوە دەدات لەسەر بڕیارەکانی پاش ئەوەی لە پاشکۆی پاڵاوتنەکانی چامپیۆنزلیگ دا، دۆڕان و ماڵئاواییان کرد.
هاندەرانی یوڤی و میدیاکانی ئیتاڵیا رەخنەی توندیان لە مۆتا کرد بۆ پلانە تەکتیکییەکانی و هەروەها دواکەوتنی گۆڕانکارییەکان، بەڵام مۆتا بەرگری لە بڕیارەکانی دەکات و دوای شکستەکە وتی
نیوەی یەکەم کۆنترۆڵی یارییەکە لای ئێمە بوو هەرچەندە هێرشەکانیان چڕ بوون، دەمانزانی ئایندهۆڤن یانەکەیان کە فشار دروست دەکەن و هێرش دەبەن، ئێمەش نەمانتوانی بەرگەی بگرین. دەبێت زۆر باشتر یاری بکەین ئەگەر بمانەوێت رکابەریی بکەین لەم یارییانەدا. هەندێک جار ئێمە باڵا دەستبووین و هەندێک کاتیش ئەوان.
سەبارەت بە بڕیارەکانی وتی ”
کووپمینەر خۆی داوای کرد گۆڕانکاری پێبکەم چونکە دوێنێ تای هەبوو. بۆیە ئەندریە مان بردە ناوەڕاست، بەڵام دواتر کامبیاسۆش هەستی بە باشی نەدەکرد و گۆڕانکارییەکانمان ناچاری بوون. پێم وانیە درەنگ گۆڕانکاریم کردبێت. لە سەرەتا پێویستمان بەوە بوو کەمێک ووزە بەکاربهێنین، دواتریش کاتێک گۆڵمان کردەوە ویستم کەمێک باڵانسی یاریگا بەدەست بهێنیەوە بەر لە گۆڕانکاری. پێم وایە گۆڕانکاریەکانم لە کاتی خۆیدا بوو.
جگە لە کووپمینەر و کامبیاسۆ، ریناتۆ ڤێیگاش هەر لە سەرەتای یارییەکەدا بەهۆی پێکان یاریگای جێهێشت.
یۆڤی لە یاری چوون دا براوە بوو، بەڵام لە گەڕانەوە 3-1 دۆڕا و ماڵئاوایی کرد. ئەمەش یەکەمجاربوو ئەو یانەیە لە خولی پاڵەوانەکان ماڵئاوایی بکات لە کاتێکدا یاری یەکەمی بردبووەوە.
سەرەڕای ئەوەی تیاگۆ پێی وایە هەردوولا هاوتا بوون بەڵام ئایندهۆڤن 59٪ کۆنترۆڵی یاریگایان بەدەستەوەبوو، وە 25 لێدانیان هەبوو بەرامبەر 15 لێدان بۆ تیمەکەی مۆتا.