ئیسپانیاراپۆرتی تایبەتگرنگترینیاریگا

چۆن فلۆرێنتینۆ پێرێز لە رێگای میدیا تۆڵەی کارتە سوورەکەی بێڵینگهامی لە ناوبژیوانەکەی لالیگا کردەوە؟

میدیاکانی ئیسپانیا بە چەند راپۆرتێکی بنکۆڵکاری ناوبژیوانە ئیسپانییەکەیان راگرت

Yariga App

یاریگا –

فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیسپانیا و ئەوروپا بەفەرمی کارکردنی مونوێرا مونتێرۆ ناوبژیوانی ئیسپانییان هەڵپەسارد، ئەو ناوبژیوانە لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا دەکرێت و تاوەکو دادگاییەکەشی تەواو نەبێت بەڕێوەبردنی هیچ یارییەکی لالیگای پێ نادرێت.

دوای ئەوەی مونوێرا مونتێرۆ لە یاریی ئۆساسۆنا و ریال مەدرید کە 1-1 کۆتایی هات، کارتی سووری بە جود بێڵینگهام دا و چەند بڕیارێکی دیکەی لە دژی بەرژەوەندیی ریال مەدرید دا، چەند دەزگایەکی راگەیاندن لە ئیسپانیا دەستیان هەڵدانەوەی فایڵەکانی ئەو ناوبژیوانە ئیسپانییە کرد، بە چەند راپۆرتێکی بنکۆڵکاری ئەو ناوبژیوانەیان سڕکرد.

چۆن فلۆرێنتینۆ پێرێز تۆڵەی لە ناوبژیوانەکە کردەوە؟

فۆنسۆ لوایزا رۆژنامەنووسی ئیسپانی ئاشکرایکردووە، ماڵپەڕی Okdiario کە لەلایەن ئێدواردۆ ئیندا خاوەندارییەتی دەکرێت و فلۆرێنتینۆ پێرێز پاڵپشتی دارایی دەکات، رۆڵێکی سەرەکی لە سزادانەکەی ئەو ناوبژیوانە هەبوو، پێرێز لە رێگای ئەو ماڵپەڕە و چەند میدیایەکی دیکە دەستی بە هەڵدانەوەی فایڵەکانی ناوبژیوانەکە کرد، بۆ ئەوەی تۆڵەی بڕیارەکانی یارییەکەی ئۆساسۆنای لێبکاتەوە.

ئەو ماڵپەڕە مەدریدییە سات بە سات بەدوای هەڵدانەوەی فایڵەکانی مونوێرایە، تەنانەت دوای ئەوەی بڕیاری سڕکردنی ناوبژیوانەکەش دەرچوو، هێشتا وازی لەو ناوبژیوانە نەهێناوە، ماڵپەڕی Okdiario هەرزوو چەند وێنەیەکی ماڵی مونوێرای بڵاوکردەوە و ئاشکرایکرد، لە چەند جێگایەکی خانووەکەی مونوێرا وێنەی مێسی لەسەر دێوار کێشراوە.

دوای بڵاوبوونەوەی وێنەکانی خانووەکەی مونوێرا، ناوبژیوانە ئیسپانییەکە بۆ ئەوەی ئەم بابەتە بشارێتەوە، پیاوێکی نارد بۆ ئەوەی وێنەکانی مێسی لەسەر دیوارەکانی ماڵەکەی بسڕێتەوە، کەچی ئەو ماڵپەڕە ئیسپانییە ئەوەشی کردە هەواڵ و ئاشکرایکرد، مونوێرا کەسێکی ناردووە بۆ ئەوەی وێنەکانی مێسی لە ماڵەکەی لابدات.

ئەو ماڵپەڕە ئیسپانییە ئاشکرایکردووە، ئەگەر بە بەڵگەوە بسەلمێنرێت مونوێرا لە رێگای کۆمپانیاکەی پەیوەندی لەگەڵ یانەکان هەبووە، ئەوا بەلایەنی کەم بۆ ماوەی پێنج ساڵ رادەگیرێت و بە پێبژاردنی 100 هەزار یۆرۆش سزا دەدرێت.

مونوێرا مۆنتێرۆ چ سەرپێچییەکی یاسایی کردووە؟

بەگوێرەی راپۆرتێکی بنکۆڵکاری رۆژنامەی ئیسپانیۆڵی ئیسپانیکە دوێنێ سێشەممە بڵاوکرایەوە، خۆسێ لویس

مانوێرامۆنتێرۆ ناوبژیوانی ئیسپانی خاوەندارییەتی دوو کۆمپانیای وەرزشی دەکات کە ئەو دوو کۆمپانیایە پەیوەندی لەگەڵ یانەکانی ئاتلێتیکۆ مەدرید و مانچێستەر سیتی و پاریس سانجێرمان هەیە، لەکاتێکدا بەگوێرەی گرێبەستی نێوان ناوبژیوانانی ئیسپانیا نابێت ئەوانەی دەبنە ناوبژیوان هیچ گرێبەست و کارێکی دیکە بکەن کە کاریگەریی لەسەر کاری ناوبژیوانیەتی هەبێت.

بەگوێرەی راپۆرتە بنکۆڵکارییەکەی رۆژنامە ئیسپانییەکە، مونوێرا قازانجی دارایی گەورەی کردووە، بەبێ ئەوەی کۆمپانیاکەی هیچ کارمەندێکی هەبێت و هیچ جموجۆڵێکی هەبێت، ئەمەش گومانی زیاتری خستووەتە سەر فایڵەکانی ئەو ناوبژیوانە ئیسپانییە.

ئاتلێتیکۆ مەدرید چ پەیوەندی بەم ناوبژیوانە ئیسپانییە هەیە؟

دوای ئەوەی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیسپانیا و ئەوروپا بڕیاری سڕکردنی مونوێرا مۆنتێرۆیان راگەیاند، یانەی ئاتلێتیکۆ مەدرید یەکەم یانە بوو هاتە وەڵام و هەڵوێستی هەبوو، گەرچی رۆخی بلانکۆس بەهیچ شێوەیەک باسی ئەو ناوبژیوانە ئیسپانییەی نەکردووە، بەڵام لە سۆشیاڵ میدیا هەڵمەتێکی بۆ پارێزگاریکردن لە ناوبژیوانان کردووە.

یانەی ئاتلێتیکۆ مەدرید لە بەیاننامەیەکیدا پشتیونای ناوبژیوانانی کردووە و داوای کردووە ئەو فشارەی سەر ناوبژیوانان رابگرن، کە چەند هەفتەیەکە دەخرێتە سەر ناوبژیوانان.

بەگوێرەی راپۆرتە بنکۆڵکارییەکان یانەی ئاتلێتیکۆ مەدرید یەکێک بووە لەو یانانەی گرێبەستی لەگەڵ کۆمپانیاکانی مونوێرا مۆنتێرۆ هەبووە، هەربۆیە بە گومانەوە پێداچوونەوە بۆ ئەو یارییانەی ئاتلێتیکۆ دەکر‌ێت کە مونوێرا بەڕێوەی بردوون.

مونوێرا 21 یاریی ئاتلێتیکۆ مەدریدی بەڕێوە بردووە و یانە مەدریدییەکە لەو یارییانە 13 بردنەوەی بەدەستهێناوە و لە یارییەکانی دیکەش تووشی شکست بووە، یان یەکسان بووە.

مۆنوێرا: پارەم لە هیچ یانەیەک وەرنەگرتووە

بابەتی زیاتر

Back to top button