ئیسپانیاگرنگترین

بۆ یەکەمجار؛ یامال باسی ناوبژیوانانی ئیسپانیا دەکات

''نابێ فشار دروستبکرێت''

Yariga App

یاریگا –

لامین یامال، ئەستێرەی لاوی بارسێلۆنا بۆ یەکەمجار باسی قەیرانی ناوبژیوانانی ئیسپانیای کرد، کە بەشێوەیەکی بەرچاو کاریگەری لەسەر تۆپی پێی وڵاتەکە دروستکردووە.

لە ماوەی رابردوودا، ریال مەدرید بەیاننامە و لێدوانی جیاوازی لە دژی ناوبژیوانان دەرکردووە. یانە شاهانەکە پێی وایە، لە چەند یاریی رابردوودا و بە تایبەت لە یارییەکەی ئۆساسونا، ستەمی زۆریان لێکراوە.

سەرنجەکە تەنیا لەسەر یارییەکەی ریال مەدرید و ئۆساسونا نەبووە، کە جود بێڵینگهام بەهۆی ئاڕاستەکردنی قسەی ناشیاو، بە کارتی سوور دەرکرا، بەڵکو تێبینی زۆر لەسەر یارییەکەی بارسێلۆنا و رایۆ ڤاییکانۆش هەن.

یامال لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ رۆژنامەی موندۆ دێپۆرتیڤۆ، باسی رووداوەکانی ناوبژیوانی یاریی رابردووی بارسای بەرامبەر ڤاییکانۆ کرد

بەمدواییە گومان لە هەموو شتێک دەکرێت، چەندین حاڵەتی روون هەن کە مشتومڕ هەڵناگرێت، پێم وایە لە کۆتاییدا ئەرکی ناوبژیوان زۆر قورسە، چونکە کاتێک بڕیار لە بەرژەوەندی لایەنێک دەدات، ئەوا بەدڵنیاییەوە لایەنی دووەم تووڕە دەکات. ئەگەر هەردوو تیمەکەش گلەیی نەکەن، ئەوا تیمێکی دیکە گلەیی دەکات کە هەر پەیوەندی بە یارییەکەوە نییە. بەڕاستی کارێکی زۆر سەختە، بەڵام ئەوەی ئینیگۆ مارتینێز، لێدانێکی سزای زۆر روونبوو.

رۆژنامەکە پرسیاری دڵخوازبوونی بارسا لەلایەن ناوبژیوانان و دژایەتیکردنی ریال مەدریدی لە یامال کرد و بەمشێوەیە وەڵامی دایەوە

کاتێک شەش خاڵ لە دواوە بووین، بیرم دێ لە یارییەکەی خێتافی، لێدانێکی سزای زۆر روون بۆ ژوول کۆندێ هەژمارنەکرا، نازانم شتەکە چۆنە. سەرەتا ناوبژیوانان لە بەرژەوەندی ریال مەدرید بڕیاریاندەدا، دواتر لە یارییەکەی ئۆساسونا دژی ئەوان بووە، بابەتەکە بەمشێوەیە دەمێنێتەوە.

پێم وایە یانەکانی ریال مەدرید، بارسا و ئاتلێتیکۆ مەدرید مافی گلەییان نییە. ناوبژیوانان هەوڵدەدەن باشترین پێشکەش بکەن، هەرچەندە باسی یارییەکانی دیکەی وەکو ئالاڤێس و لێگانیش ناکرێت، لەوانەیە بڕیاری پڕمشتومڕ هەبن، بەڵام ناوبژیوانان هەموو هەوڵێکی خۆیان دەدەن و کارێکی قورسییان هەیە. ئێمە باسی گلەییەکانی سەر ناوبژیوانان ناکەین و تەنیا بیر لەخۆمان دەکەینەوە.

یامال بەمدواییە یاریی ژمارە 100ی لە کاروانی وەرزشی خۆی کرد؛ 83 یاریی لەگەڵ بارسێلۆنا و 17 یاریش لەگەڵ هەڵبژاردەی ئیسپانیا.

بارسێلۆنا سوودی لە یەکسانبوونی رکابەرانی لە گەڕی رابردوو کرد و توانی جارێکی دیکە بگەڕێتەوە پێشەنگایەتی لالیگا.

بابەتی زیاتر

Back to top button