
یاریگا –
زاخۆ بۆ یاریی لووتکەی ئەم گەڕە و پارێزگاریکردن لە پێشەنگی ریزبەندی خولی ئەستێرەکانی عێراق ئامادەیە.
لە گەڕی 21ـی خولی ئەستێرەکانی عێراق و لە یاریی لووتکەدا، چوارشەممە ( 19ـی شوباتی 2025 ) زاخۆ لە یاریگای خۆی کاتژمێر 7:30ـی شەو میوانداری تەڵەبە دەکات، سەرکەوتنی زاخۆ لەم یارییەدا بەردەوامیدانە بە پێشەنگایەتی ریزبەندی، بۆ ئەمەش تەواوی یاریزانەکان ئامادەن جگە لە محەمەد عەلی عەبود و ئیچیتا دیپۆتی نەیجیری کە لە یاریی رابردوو بەرامبەر هەولێر کارتی سووریان وەرگرت ناتوانن یاریی بکەن، لوئەی عانی ئەستێرەی تەڵەبە بە هۆی وەرگرتنی کارتی سوور لە یاریی رابردوو بەرامبەر دیالا لە پێکهاتەی شین پۆشەکان دادەبڕێت.
زاخۆ و تەڵەبە لە مێژوودا 21 یاریی فەرمیان بەرامبەر یەکتر کردووە، زاخۆ پێنج یاریی سەرکەوتنی بەدەست هێناوە و تەڵەبەش هەشت یاریی بردۆتەوە لە هەشت یارییشدا یەکسان بوونە، کوڕانی خابوور 22 گۆڵیان کردووە و تەڵەبە31 گۆڵی تۆمارکردووە، لە 2021 لە جامی عێراق زاخۆ 8 _ 7 بە لێدانی یەکلاکەرەوە سەرکەوتنی بەدەست هێناوە،
زاخۆ 39 خاڵی هەیە و لە ریزبەندی یەکەمی خولەکە دێت، تەڵەبە 34 خاڵی هەیە و لە ریزبەندی پێنجەمی خولی ئەستێرەکانی عێراق دێت.