وادەی گەڕانەوەی دوو ئەستێرەکەی ئارسیناڵ دیاریکرا

یاریگا –
میکێل ئارتێتا راهێنەری ئارسیناڵ هیوادارە دوای پشووی یارییە نێودەوڵەتییەکانی مانگی ئادار، تواناکانی بوکایۆ ساکا و گابرێل مارتینێلی بۆ بگەڕێتەوە.
بوکایۆ ساکا لە پێش جەژنی کریسمسەوە بەهۆی پێکان لە ماسولکەکانیدا لە یاریگاکان دوورکەوتووەتەوە، هاوکات مارتینێلی لە یاری جامی کاراباو بەرامبەر نیوکاسڵ تووشی پێکان بووە و ئارتێتا لە توانای هەردوو ئەستێرەکەی بێبەش بوو، ئێستا رۆژنامەی میرەری وادەی گەڕانەوە هەردوو هێرشبەری ئاشکرا کردووە و دەڵێت، هەردوو یاریزان لە مانگی نیسان یان مانگی ئایاردا پەیوەندی بە مەشق و راهێنانەکانی ئارسیناڵ دەکەنەوە. تەنانەت دەتوانن لە یارییەکەی رۆژی سێشەممە، یەکەمی نیسان بۆ رووبەڕووبوونەوەی فولهام ئامادە بن.
بەهۆی پێکانەکانی ساکا و مارتینێلی و گابرێل خیسوس، ئێستا ئارتێتا بژاردەیەکی کەمی لەبەردەستدایە بۆ ئەوەی لە شوێنی هێرشبەریدا یارییان پێبکات و لەڕاستیدا تەنها دەتوانێت رەحیم ستێرلینگ و لیاندرۆ ترۆسارد و ئیتان وانێرو بەکاربهێنێت. بێگومان لە یارییەکەی شەممەی رابردوودا بەرامبەر لیستەر سیتی، ئارتێتا ناچار بوو میکیل مێرینۆی یاریزانی ئیسپانی وەک هێرشبەری ناوەڕاست بەکاربهێنێت، مێرینۆش متمانەی ئارتێتای بەدەستهێنا و دوو گۆڵی تۆمار کرد.
بڕیارە مانگی داهاتوو تۆماس توخێلی راهێنەری هەڵبژاردەی ئینگەڵتەرا یەکەم پێکهاتەی خۆی بۆ یارییەکانی پاڵاوتنی جامی جیهانی 2026 رابگەیەنێت و پێناچێت لە لیستەکەیدا ناوی ساکا هەبێت. سێ شێرەکان لە پاڵاوتنەکانی مۆندیالی 2026 رووبەڕووی ئەلبانیا و لاتڤیا دەبنەوە.