لالیگا؛ ئەگەر ڤار نەبووایە ریال مەدرید نۆ خاڵ لەپێشەوەی بارسێلۆنا دەبوو
ڤار زیانی شەش خاڵی لە ریال مەدرید داوە

یاریگا –
ئەگەر سیستەمی ڤار نەبووایە، ریال مەدرید لە ریزبەندیی لالیگا نۆ خاڵ لەپێشەوەی بارسێلۆنا دەبوو.
رۆژنامەی ئاسی ئیسپانی ئاشکرایکردووە، ئەگەر سیستەمی ڤار نەبووایە ریال مەدرید نۆ خاڵ لەپێشەوەی بارسێلۆنا دەبوو، ئێستا بە کۆکردنەوەی 57 خاڵ پلەی یەکەمی خولەکەی دەگرت، ئاتلێتیکۆ مەدرید بە 52 خاڵ لە پلەی دووەم دەبوو و بارسێلۆناش بە 48 خاڵ سێیەم دەبوو.
بەگوێرەی راپۆرتەکەی رۆژنامە مەدریدییەکە سیستەمی ڤار زیانی شەش خاڵی لە ریال مەدرید داوە، کە ئێستا بە بوونی سیستەمی ڤار بە 51 خاڵ هاوشانی بارسێلۆنا پێشەنگی خولەکەیان گرتووە، بەڵام بارسا بە جیاوازیی گۆڵ لەپێش ریال مەدرید دێت.
دوای تێپەڕبوونی 24 گەڕی ئەم وەرزەی لالیگا، بارسێلۆنا و ریال مەدرید 51 خاڵی کۆکردووەتەوە و بلاوگرانا بە جیاوازیی گۆڵ پێشەنگی خولەکەی گرتووە، ئاتلێتیکۆ مەدرید بە 50 خاڵ پلەی سێیەمی گرتووە و ئاتلێتیک بلباویش بە 45 خاڵ پلەی چوارەمی گرتووە و ڤیاڕیالیش بە 41 خاڵ پلەی پێنجەمە.
ریزبەندیی لالیگا بەبێ سیستەمی ڤار
1- ریال مەدرید 57 خاڵ
2- ئاتلێتیکۆ مەدرید 52 خاڵ
3- بارسێلۆنا 48 خاڵ
4- ئاتلێتیک بلباو 48 خاڵ
5 ڤیاڕیال 42 خاڵ