
یاریگا –
بە شێوەیەکی کاتی کێشەی ڤار لە خولی ئەستێرەکانی عێراق چارەسەرکرا، بەفەرمی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق رایگەیاند ڤار لە گەڕی داهاتوو جێبەجێ دەکرێت.
فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق لە بەیاننامایەکیدا رایگەیاندووە، دوای گفتوگۆیەکی زۆر لەگەڵ کۆمپانیای جێبەجێکار توانیمان رازییان بکەین بۆ گەڕی داهاتوو بە شێوەیەکی کاتی سیستەمی ڤار جێبەجێ بکرێت و دەرفەتمان پێبدرێت تاوەکو بتوانین کێشە داراییەکان چارەسەر بکەین’.
بەهۆی دواکەوتنی شایستە داراییەکانیان، کۆمپانیای عەشتار بڕیاریدابوو چیدیکە سیستەمی ڤار لە یارییەکانی خولی ئەستێرەکانی عێراق پەیڕەو نەکرێت کە لایەنی جێبەجێکاری سیستەمەکەیە لە خولەکە.
فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق لە بەیاننامەکەیدا داوای لە تۆڕی راگەیاندنی عێراقی کردووە، پارەی گرێبەستی کڕینی مافی پەخشی خولی ئەستێرەکان بدات، بۆ ئەوەی ئوانیش بتوانن کرێی ناوبژیوانان و بەشی یانەکان و کرێی بەرهەمهێنانی پەخشی راستەوخۆی یارییەکان بدەن.
ناوبژیوانانی خولی ئەستێرەکانی عێراق ئەم وەرزە تا ئێستا هیچ پارەیەکیان وەرنەگرتووە و کۆمپانیای عەشتاریش کە یارییەکانی خولەکە پەخش دەکات، تاوەکو ئێستا هیچ بڕە پارەیەکی ئەم وەرزەی وەرنەگرتووە، لەکاتێکدا قۆناخی دووەمی خولەکە دەستیپێکردووە.
دوای ئەوەی کۆمپانیای عەشتار رایگەیاند گەڕی داهاتوو سیستەمی ڤار نابێت، زۆربەی یانەکانی خولی ئەستێرەکانی عێراق رەتیانکردەوە یارییەکانیان لە گەڕی داهاتووی خولەکە بەبێ سیستەمی ڤار بکەن.