گەندەڵییەکی گەورە؛ رۆژنامەیەکی ئیسپانی نهێنییەکی ناوبژیوانە ‘نەیارەکەی ریال مەدرید’ ئاشکرا دەکات
ناوبژیوانە 'نەیارەکەی ریال مەدرید' بەشێکە لە تۆڕێکی گەورەی نهێنی لە پشتەوەی ڤار کار دەکەن

یاریگا –
رۆژنامەیەکی ئیسپانی لە راپۆرتێکی بنکۆڵکاریدا نهێنییەکی گەورەی مونوێرا مۆنتێرۆ ناوبژیوانی ئیسپانی ئاشکرا دەکات، کە ئەو ناوبژیوانە بە بڕیارەکانی لە یاریی ئۆساسۆنا و ریال مەدرید مشتومڕی گەورەی دروستکردووە و هاندەرانی یانە مەدریدییەکە رەخنەی توندیان لێی گرتووە.
رۆژنامەی ئیسپانیۆلی ئیسپانی لە راپۆرتێکی بنکۆڵکاریدا ئاشکرایکردووە، خۆسیێ لویس مونوێرا مۆنتێرۆ ناوبژیوانی ئیسپانی کاری ژێربەژێری لەگەڵ بەرپرسانی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیسپانیا و کۆمەڵەی لالیگا و فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەوروپا هەیە، لە چەندان کاری بازرگانی هاوبەشن و بەرژەوەندیی هاوبەش کۆیان دەکاتەوە.
El árbitro Munuera Montero es socio de altos cargos de LaLiga y del VAR en una red empresarial con UEFA y RFEF de clientes https://t.co/eE2dy1Vvd4
— EL ESPAÑOL (@elespanolcom) February 18, 2025
رۆژنامەی ئیسپانیۆل تۆڕێکی نهێنی ئاشکراکردووە کە مونوێرا بەشێکە لەو تۆڕە و چەند بەرپرسێکی لالیگا و یوێفا و فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیسپانیای تێدایە، ناوبژیوانە ئیسپانییەکە جگە لەوەی کاری ناوبژیوانیەتی دەکات، دامەزرێنەری کۆمپانیای Talentus Sports Speakers SLـی ئیسپانییە کە ئەو کۆمپانیایە بە سەرمایەی نیو ملیۆن یۆرۆ دامەزرێنراوە و بارەگاکەی دەکەوێتە شاری کۆردۆبا، بەڵام ئەو کۆمپانیایە هیچ کارمەندێکی نییە و هیچ ماڵپەڕ و پێگەیەکی فەرمی نییە.
کۆمپانیایەکەی ناوبژیوانە ئیسپانییەکە تەواو گوماناوییە، چونکە ئەو کۆمپانیایە بەبێ ئەوەی هیچ رێکخستنێکی کارگێڕی و کارمەندێکی هەبێت، لە لالیگا و یوێفا چەندان گرێبەستی گەورەی لە بواری تۆپی پێدا کردووە، سێرجیۆ سانچێز کاستانێر کە یەکێکە لە دامەزرێنەرانی سیستەمی ڤار لە ئیسپانیا، هاوبەشێکی گەورەی مونوێرایە و چەندان بەرپرسیارەتی لە لالیگا و یوێفا هەیە، ئەو پیاوە ئیسپانییە کە پێشتر وەکو یاریدەدەری ناوبژیوان لە ئیسپانیا کاری کردووە، ساڵی 2023 بووە بەڕێوەبەری بەرهەمهێنان لە لالیگا و ماوەیەک لەمەوبەریش لە یوێفا بووە بەرپرسی بەرهەمهێنان و بەڕێوەبردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ سپۆنسەر و میدیاکان.
مونوێرۆ مۆنتێرۆ کە لە یاریی ئۆساسۆنا کارتی سووری بە بێڵینگهام دا و لێدانێکی سزای بۆ ڤینیسیوس جونیۆر هەژمار نەکرد و لێدانێکی سزای گوماناوی بۆ ئۆساسۆنا هەژمارکرد، لەلایەن خاڤیێر تیباس سەرۆکی کۆمەڵەی لالیگا بڕواپێکراوترین کەسە و تیباس زۆر پشتی پێ دەبەستێت، تیباس لەکاتی دامەزراندنی سیستەمی ڤار لە لالیگا زۆر پشتی بە سێرجیۆ سانچێز کاستانێر و مونوێرا مونتێرۆ بەست، ئێستاش ئەم دووانە لەناو دڵی تۆڕەکەدان.
مونتێرۆ جگە لەوەی پەیوەندییەکی بەهێزی لەگەڵ کاستانێر هەیە، پەیوەندی لەگەڵ خیسوس مانوێل کاردیناس بەڕێوەبەری یارییەکانی لالیگا و خۆسیێ مانوێل ماتیاس کابایێرۆ سەرۆکی لێژنەی ناوبژیوانان لە هەرێمی ئەندەلوس هەیە کە لە کۆمپانیای Macarmu SL کار دەکات کە ئەو کۆمپانیایەش لەلایەن مونوێرا خاوەندارییەتی دەکرێت.
کۆمپانیای Deportalia Sports یەکێکی دیکەیە لەو کۆمپانیایانەی کە بەشێکە لە تۆڕە گوماناوییەکە، ساڵی 2023 بەبێ ئەوەی هیچ کارمەندێکی هەبێت 200 هەزار یۆرۆی بەدەستهێناوە، کۆمپانیای Talentus Sports یەکێکی دیکەیە لە جومگەکانی ئەو تۆڕە نهێنییەی رۆژنامە ئیسپانییەکە ئاشکرایکردووە، کە ساڵی 2023 ئەو کۆمپانیایە بە سەرمایەی 100 هەزار یۆرۆ دامەزراوە.