
یاریگا –
بێڵینگهام بەهۆی بەکارهێنانی دەستەواژەیەک بە زمانی ئینگلیزی لە یاریی بەرامبەر ئۆساسۆنا، بەوە تۆمەتبار دەکرێت جنێوی بە ناوبژیوان داوە، بەڵام ریال مەدرید و یاریزانەکە ئەم تۆمەتە رەتدەکەنەوە.
بەگوێرەی بەڵگەنامە ڤیدیۆییەکان لە یاریی ریال مەدرید و ئۆساسۆنا، جود بێڵینگهام بە ناوبژیوانی یارییەکەی گوتووە ‘F*** off’، کە بێڵینگهام و ریال مەدرید بڕوایان وایە ئەو دەستەواژەیە چەند مانایەکی هەیە و ناوەڕاستکارەکەی ریال مەدرید وەکو جنێوێک بەکاری نەهێناوە.
رۆژنامەی دەیلی مەیل بڵاویکردووەتەوە، ریال مەدرید بۆ سڕینەوەی کارتە سوورەکەی بێڵینگهام سود لە رووداوێکی هاوشێوە وەردەگرێت کە ساڵی رابردوو بەسەر مەیسن گرینوودی هاونیشتیمانی جود بێڵینگهام روویداوە.
لە کانونی دووەمی ساڵی رابردوو لە یاریی نێوان خێتافی و رایۆ ڤاییکانۆ گرینوود بەرامبەر ناوبژیوان دەستەواژەی ‘f*** sake’ـی بەکارهێنا. ناوبژیوان لەوبڕوایەدابوو دەستەواژەکە جنێو و سوکایەتییە و بەکارتی سوور یاریزانەکەی کردەدەرەوە.
بەڵام دواتر خێتافی تانەی لە کارتە سوورەکەدا، روونیانکردەوە دەستەواژەکەی مەیسن سوکایەتی و جنێو نییە، بەڵکو بە واتای “بۆ خاتری خودا” بەکاری هێناوە و مەبەستی نەبووە سوکایەتی بەکەس بکات. هەر بۆیە لالیگا بڕیاریدا کارتە سوورەکە هەڵبوەشێنێتەوە.
ئێستا ریال مەدرید دەیەوێت سود لە هەمان رووداوە وەربگرێت. چۆن لالیگا کارتە سوورەکەی گرینوودی هەڵوەشاندەوە داوا دەکەن بە هەمان شێوە کارتە سوورەکەی جودیش هەڵبوەشێنرێتەوە و سزا نەدرێت.
جود بێڵینگهام بەهۆی ئەو دەستەواژەیە مەترسی راگیرانی بۆ ماوەی 4 تاوەکو 12 یاریی لەسەرە و یانە ئیسپانییەکەش تانە لە بڕیارەکە دەدات.