دۆخی زینچێنکۆ لە ئینگلتەرا ئاڵۆز بووە و خەریکە مایەپووچ دەبێت

یاریگا –
ئۆلێکساندر زینچێنکۆی ناوەڕاستکاری ئارسیناڵ لە دۆسیەی خۆدزینەوە لە باج و ساختەکاری تێوەگڵاوە و لە دانیشتنی دادگا تووشی شکست بوو.
زینچێنکۆی ئەستێرەی ئۆکراینی ئارسیناڵ کە لە دۆخی تیپەکەی و کەمی کاتی یاریکردن ناڕازییە، ئێستا رووبەڕووی کێشەیەکی دیکە بووەتەوە.
ناوەڕاستکارەکە کۆمپانیایەکی بە ناوی Zinchenko Image Rights دامەزراند بۆ بەڕێوەبردنی مافی پەخشکردنی وێنەکانی و ماوەیەک پێش ئێستا فەرمانگەی باج تۆمەتباری کرد بەوەی لە رێگەی ئەم کۆمپانیایەوە، خۆی لە نزیکەی 900 هەزار پاوەند لە باج دزیوەتەوە.
فەرمانگەی باج دۆسیەکە رەوانەی دادگا کرا. ئەوەی دۆسیەکەی ئاڵۆزتر کرد ئەوە بوو کە زینچێنکۆ بڕی یەک ملیۆن و 800 هەزار یۆرۆی لە کۆمپانیاکە قەرز کردووە. فەرمانگەی باج و لێکۆڵەرەوەکان بڕوایان وایە ئەو یاریزانە ئۆکراینییە بە بیانووی ئەم کۆمپانیایە هەموو جۆرە مامەڵەیەکی نائاسایی ئەنجامداوە بۆ ئەوەی باجێکی کەمتر لەسەر مووچەکەی بدات.
Arsenal star Oleksandr Zinchenko loses HMRC court battle over unpaid tax billhttps://t.co/n0hlPPproM pic.twitter.com/6DzKlge0QD
— Daily Star (@dailystar) February 16, 2025
بەگوێرەی رۆژنامەی میرەر، زینچنکۆ هەفتانە 150 هەزار پاوەند لە ئارسیناڵ وەردەگرێت. کۆمپانیاکەى زینچێنکۆش تەنیا یەک خاوەنی هەیە و 100%ى پشکەکان لە ژێر خاوەنداریەتی خودی یاریزانەکەن. بەگوێرەی رۆژنامەکە، دوای ئەوەی دادگا بڕیاری لە بەرژەوەندی دەسەڵاتی باج دا، ئەو یاریزانەی ئارسیناڵ پەیوەندی بە پشکنەرانی باجەوە کردووە و داوای یەکلاییکردنەوەی دۆسیەکەی بە دانوستان کردووە.
فەرمانگەی باج لە مانگی ئەیلولی ساڵی رابردوودا دەستی بە پرۆسەی داخستنی کۆمپانیاکە کرد، بەڵام لە دانیشتنی لەندەن لە سەرەتای ئەم هەفتەیەدا دادگا، بڕیاریدا لە مانگی ئازاردا کۆمپانیای زینچێنکۆ ئیمەیج رایتس دابخرێت.