
یاریگا –
لوکا مۆدریچ یاریزانانی ریال مەدریدی لە رووداوێکی گەورە ئاگادارکردووەتەوە.
کارلۆس کاسێمیرۆی ئەستێرەی پێشووی ریال مەدرید لە چاوپێکەوتنێکی نوێی لەگەڵ رۆژنامەی ئاس چەند نهێنییەک دەدرکێنێت. و بۆ یەکەمجار باسی هەڵوێستێکی سەرسوڕهێنەری لوکا مۆدریچیش دەکات.
بۆ یەکەمجارە ئەم نهێنییە ئاشکرا دەکەم. لە وەرزی 2015/16 کاتێک لە میلان لە یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگ لە ئاتلێتیکۆ مەدریدمان بردەوە لەژووری خۆگۆڕین سەرقاڵی ئاهەنگگێڕان بووین. لوکا مۆدریچ رووی لێمانکرد و گوتی “هاوڕێیان پێویستە دوو چامپیۆنزلیگی دیکە بەدەستبهێنین”.
ئێمەش گوتمان لوکا لەدوای یاریی کۆتایی لێسبۆن ئەمە دووەم جارە لە سێ وەرزدا دەبینە پاڵەوان. ئەویش گوتی “نەخێر، نەخێر لەگەڵ ئەم تیپە تۆکمەیەمان دەتوانین مێژوو بنوسینەوە و بەلای کەم دوو نازناوی دیکە بەدوای یەک بەدەستبهێنین” دواتر نازناوی ژمارە 12ـمان لە کاردیف و نازناوەی ژمارە 13ـمان لە کێڤ بەدوای یەک بەدەستهێنا. لوکا ئەوەی دەزانی.
ئەستێرە بەڕازیلییەکە لە درێژەی چاوپێکەوتنەکەی چەند نهێنییەکی دیکەی ئاشکراکردووە و باشترین راهێنەری کاروانی وەرزشی دیاریی دەکات.
کارلۆ ئانچێلۆیی، زینەدین زیدان و تیتی باشترین سێ راهێنەری کاروانی وەرزشیمن.
سیانەی کروس و مۆدریچ و کاسێمێرۆ؟
سەردەمێکی زۆر نایاب بوو. چێژمان لە تۆپی پێ وەردەگرت، زۆر قسەمان نەدەکرد و بە نیگایەکی سادە لەیەک تێدەگەیشتین. بە تێپەڕینی ساڵ لە دوای ساڵ جوڵەکانمان سروشتیتر دەبوون. لوکا و کروس کواڵێتییەکی باوەڕپێنەکراویان هەبوو، یاریکردن لەگەڵیان زۆر ئاسان بوو. خۆشحاڵبووم لەپاڵیان یارییم دەکرد.
ریمۆنتاداکانی ریال مەدرید؟
ریمۆنتادا بەرامبەر پاریس، مان سیتی و چێڵسی لە وەرزێکدا نوسینەوەی مێژوو بوو. ئەستەمە روونی بکەینەوە لەو سێ شەوەدا چی روویدا. ئەوە تەنیا لە بێرنابیۆ و بە درێسی ریال مەدرید روودەدات. چونکە ریال مەدرید جادووییە.
بەرامبەر مانچێستەر سیتی تاوەکو خولەکی 88 بە ئەنجامی 1-0 لەدوابووین، ئێمە بەردەوام لەسەر کورسی یەدەک هاوارمان دەکرد و دەمانگوت بەڵێ دەتوانین. دواتر رۆدریگۆ دوو گۆڵی کرد و هاندەران شێت بوون. هەوڵمنەدەدا تێبگەم چی روویداوە، تەنیا چێژم وەردەگرت و لەو ساتەدا دەژیام.
ریال مەدرید 3-2 لە ئیتیحاد براوە بوو، بۆ یاریی گەڕانەوە یارمەتیدەر دەبێت؟
بەڵێ چونکە ئەوە بێرنابیۆیە. بەڵام ریال مەدرید دەبێت ئاگاداربێت یارییەکە زەحمەت دەبێت، راستە مانچێستەر سیتی ئاستی وەک جاران نییە بەڵام ئەوان مانچێستەر سیتین. خاوەنی هالاند، دیبرۆین و گۆڵپارێزێکی بەتوانای وەک ئێدەرسنن.
ریال مەدرید و بێرنابیۆ بەیەکەوە ئەرکی مانچێستەر سیتی قورس دەکەن. هیوادارم ریال مەدرید بگاتە قۆناخی 16.
براوەی باڵۆن دۆر شۆکی کردیت؟
بەدڵناییەوە، ناڵێم رۆدری شایستە نەبوو چونکە ئەوە بڕیاری دەنگدەرانە. بەڵام ئاستی وەرزی رابردووی ڤینیسیۆس جێگای مشتومڕ نییە.
هەموو نازناوەکانی بەدەستهێنا و یەکلاکەرەوە بوو. بەتایبەت لە وێمبڵی و لە یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگیش گۆڵی کرد. بەڵام ناتوانم بێڕێزی بە رۆدری بکەم. یاریزانێکی گەورەیە و ئەوە بڕیاری تۆپی پێ بوو.
ئەگەر مافی دەنگدانم هەبوایە، دەنگم بە ڤینی دەدا.
کیلیان ئێمباپێ؟
بەڕاستی ئێمباپێ راناگیرێت. لە چامپیۆنزلیگ رووبەڕووی بووینەوە و کە 1-0 دۆڕاین زۆر ماندووی کردین و هەموو شتێکی کرد. دوای یارییەکە داوام لە پێرێز کرد گرێبەستی لەگەڵ واژۆ بکات چونکە رانەدەگیرا.
مێژوویەکی گەورە دەنوسێتەوە. ناتوانێت هەمیشە داوای لێ بکەین ئاستی 9/10 بێت بەڵام بەدڵناییەوە ئاستی لەخوار 8 یان 7.5ـیش نابێت.
ڤالڤێردی؟
فێدێریکۆ ڤالڤێردی لە یاریگا هەموو توانای خۆی پێشکەش دەکات. لەناو ناوەڕاستکارە نوێیەکان ڤالڤێردی باشترینە. لە بۆکس بۆ بۆکس بە بێخەوشی یاریی دەکات.
ماڵئاواییت لە ریال مەدرید؟
ئاسان نەبوو. خێزانەکەم، تیپەکەم، هاوڕێکانم، کاتێک یارییم دەکرد هەموو شتێکی خۆم بە ریال مەدرید دەبەخشی. هەرگیز مەدرید لەیاد ناکەم.
کاسێمیرۆ لە هاوینی 2015 بەبڕی 15 ملیۆن یۆرۆ لە پۆرتۆی پۆرتوگالییەوە پەیوەندی بە ریال مەدرید کرد. لە سەرجەم پاڵەوانێتییەکان بەشداریی 336 یاریی کرد 31 گۆڵی کرد و 29 گۆڵی دروستکرد.
پێنج نازناوی چامپیۆنزلیگ، سێ نازناوی لالیگا، سێ نازناوی جامی جیهانی یانەکان، سێ نازناوی جامی سوپەری ئەوروپا، یەک نازناوی جامی شای ئیسانیا و سێ نازناوی جامی سوپەری ئیسپانیای لەگەڵ مێرێنگی بەدەستهێنا.
