دوایین پەرەسەندن؛ بارسێلۆنا پەیوەندی بە ئەستێرەیەکی پرێمەرلیگ دەکات
گفتوگۆکانی دەستپێکردووە و بەهای یاریزانەکە دەگاتە 100 ملیۆن یۆرۆ

یاریگا –
بارسێلۆنا پلانێکی تۆکمەی بۆ بەهێزکردنی پێکهاتەی وەرزی داهاتوو داڕێشتووە.
پێشتر دێکۆ، بەڕێوەبەری وەرزشی بارسێلۆنا بە رۆژنامەی سپۆرتی راگەیاندبوو، بارسا دەیەوێت هێڵی پێشەوەی بەهێز بکات.
رۆژنامە کاتالوونییەکە بەدواداچوونی بۆ ئامانجەکانی بارسێلۆنا کردووە و لە ژمارەی ئەمڕۆیدا، کۆمەڵێک زانیاری نوێی بڵاوکردووەتەوە.
بارسێلۆنا لە کۆتاییەکانی ساڵی رابردوو، پەیوەندی بە نوێنەرانی ئالێکساندەر ئیزاک، هێرشبەری نیوکاسڵ یونایتد کردووە، هەروەها بارسا لە نزیکەوە چاودێری لویس دیاز، ئەستێرەی لیڤەرپوول دەکات.
رۆژنامەکە نووسیویەتی
ئیزاک سوودی زۆری بۆ بارسێلۆنا دەبێت، چونکە یاریزانەکە دەتوانێت وەکو سەرەڕم و یاریزانی باڵ یاریی بکات، بەڵام کێشە لە لایەنی دارایی یاریزانەکەیە، چونکە نیوکاسڵ بە کەمتر لە 100 ملیۆن یۆرۆ دەستبەرداری یاریزانەکە نابێت.
بارسێلۆنا تاکە یانە نییە گرنگی بە ئیزاک دابێت، بەڵکو یانەکانی لیڤەرپوول، ئارسیناڵ و چێڵسی هەوڵی جیدییان بۆ گواستنەوەی ئەستێرەکەی نیوکاسڵ یونایتد داوە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی رۆژنامەی سپۆرت، ئیزاک ئامادەیە لە هاوینی داهاتوودا یانەکەی بگۆڕێت، هەروەها نیوکاسڵیش کێشەی لە دەستبەرداربوونی لە یاریزانەکە نابێت، بەڵام دەبێ ئۆفەرێکی 100 ملیۆن یۆرۆیی پێشکەش بکرێت.
نیوکاسڵ لەدوای تێپەڕبوونی 25 یاریی لە پلەی حەوتەمی ریزبەندی پرێمەرلیگدا دێت، سێ خاڵ لە پلەکانی گەیشتن بە چامپیۆنزلیگ دوورە.